سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە گلێن مایڵز باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر لەسەر ناوچەکە.
پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم، هەروەها گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا و لە پرۆسەیەکی ئازاد و دادپەردوەرانە و بە بەشداری و پاراستنی مافی پێکهاتەکان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.