وەزارەتی سامانەسروشتییەکان : ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستى چارەسەرى کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوت
دوای ئەوەی دوێنی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كرد بۆ دەستكردنەوە بەهەناردەی نەوتی كوردستان و گەیشتن بە رێككەوتنێك لەنێوان هەرێم و بەغدا، لەمبارەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە راگەیەنراوێك وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە.
دەقی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان:
سەبارەت بە نوسراوى وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، ئێمە وەکو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکرێت و نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جیهانەوە بۆ دەرەوە هەناردە بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار سەردانی بەغدامان کردووە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ سەرۆكى لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەروەها لەگەڵ لیژنەی حکومەتی فیدراڵ لە هەرسێ وەزارەتی نەوت و پلاندانان و دارایی کۆبووینەوە و کۆنووسەکەشی واژوو کرا.
دوایین جاریش لە ڕۆژانی 19 و 20ی مانگى ئايار لێژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆبووەوە، ئێستا چاوەڕێین ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەربچێت، هەروەها ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستى چارەسەرى ئەم بابەته.