حاكم شێخ لەتیف: بڕیاری دادگای فیداڵی پووچەڵە

حاكم شێخ لەتیف، یاساناسی ناسراوی كورد لەبارەی دادگای فیدراڵییەوە بە پشتبەستوو بە بڕیاری دادگای تەمیزی عێراقی دەڵێ، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پووچەڵن بە هەموو ئەو دەقانەشەوە کە بۆ یاسای هەلبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان زیادی کردوون.

ئەمڕۆ هەینی، 31ی ئایاری 2024، حاكم شێخ لەتیف، یاساناسی ناسراو پسپۆڕی یاسای دەستووری لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی، دادگای تەمیزی فیدراڵی  بڕیاری دا کە دادگای باڵای فیدراڵی زیادەڕەوی کردووە لە دەسەڵاتەکانی خۆی، بۆیە بڕیارەکەی پووچەڵە لە ڕووی یاساییەوە.

ڕوونی دەكاتەوە، پیشتر دادگای فیدراڵیی باڵا لە بڕیارێکیدا، بڕیاری دابوو کە دەقی مادەی ۳٥/ بڕگەی چوارەم/ا/٤ لە یاسای خانەنشینی گشتی نادەستوورییە و هەڵی وەشاندبووەوە کە تایبەت بوو بە خانەنشینی دادوەران کە ۳٠ ساڵ خزمەتیان هەیە و لای خۆیەوە دەقی مادە یاساییەکەی گۆڕیبوو لە پێناوی ئەوەی یەکێک لە دادوەرەکانی خۆی (ئەندامی دادگای فیدالی بالا )کە ماوەیەک پیش ئیستا دەستی لەکار کیشابووەوە، خانەنشینی بیگریتەوە، بەڵام دەستەی گشتیی دادگای تەمیزی فیدراڵی، ئەمڕۆ ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی باڵای هەڵوەشاندەوە و گوتی کە دادگای فیدراڵی زێدەڕەوی لە دەسەڵاتەکانی خۆیدا کردووە.

وەك حاكم شێخ لەتیف ڕوونی كردووەتەوە، دادگای باڵای فیدراڵی بۆی هەیە دەقێکی یاسا ئەگەر بۆی دەرکەوت کە پێچەوانەی دەستوورە هەڵبوەشینیتەوە، بەڵام بۆی نییە خۆی بخاتە جیگای پەرلەمان و دەقێکی نوێ دابنێت یان زیاد بکات لە جیاتی ئەو دەقەی هەڵی وەشاندووەتەوە.

سەبارەت بە بڕیارەكانی دادگا فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان، حاكم شێخ لەتیف نووسیویەتی، بەگویرەی ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ بێت، هەموو ئەو دەقانەش کە بۆ یاسای هەلبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان زیادی کردوون، زیادەڕەوین و پووچەڵن.

لە درێژەی پۆستەكەیدا ئەوەش ڕوون دەكاتەوە، ئێمە پیشتر لە چەندان بۆنەدا ئەوەمان جەخت دەکردەوە، ئەوەی دادگای فیداڵی دەیکات، بەوەی خۆی دەخاتە جێی پەرلەمان و دەقی یاسایی هەمووار دەکات یان زیادی دەکات، نایاساییە و لە دەسەڵاتی ئەو دادگایەدا نییە، ئەو تەنیا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بڕیار بدات کە دەقێک یان چەند دەقێک هەڵبوەشینیتەوە کە پیچەوانەی دەستوورە و دەسەڵاتی لەوێدا دەوەستیت، بۆی نییە دەق زیاد بکات یان هەموواری بکاتەوە، ئەوە کاری دەسەڵاتی یاسادانانە.

Back to top button