بە فەرمانى مەسرور بارزانی یاریگای شەهید فرەنسۆ هەریری نۆژەن دەکرێتەوە
بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری بە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار نۆژەن دەکرێتەوە.
رۆژی شەممە (1ـی حوزەیرانی 2024)، ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندی دەربڕیووە بۆ تەرخانکردن و خەرجکردنى زیاتر لە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار، بۆ گۆڕینی چیمەن و نۆژەنکردنەوەی یاریگەی شەهید فەڕەنسۆ هەریری.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاشکرای دەکات، ئەو بڕە پارەیەی بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری بە فەرمانی سەرۆکوەزیران تەرخان کراوە، بەشێوەى نەختینە و قۆناغ لە سەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر پڕۆژەى گۆڕینی چیمەن و نۆژەنکردنەوەی یاریگەی نێودەوڵەتی شەهید “فەڕەنسۆ هەریری خەرج دەکرێت، پارێزگاری هەولێریش ڕایدەگەێنێت، دواى کۆتاهاتنى خولى نایابى عێراقى ئەمساڵ، ڕاستەوخۆ دەست بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکە دەکرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ ، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، سەردانى یانەی وەرزشی هەولێری کرد و دەستخۆشى لە سەرۆك و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی و سەرپەرشتیار و یاریزانان و ڕاهێنەرانی یانەکە کرد بەرامبەر هەوڵ و ماندووبونییان کە توانیان لە ماوەیەکى کەمدا دەستکەوتێکى باش لە یاریەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەدەست بهێنن و یانەکە بگەێننەوە بە ئەنجامێکی باش، ئومێدیشی خواست ئاستی یانەکە زیاتر بەرزبێتەوە و سەرکەوتنی پتر بەدەستبهێنن.
دواتر ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند، ئەوەى کە لە 18ى شوباتى ئەمساڵ لە یادی (23) ساڵەی شەهیدکردنی فەڕەنسۆ هەریری، بڕیاردراوە چیمەنی یاریگەکە بگۆڕدرێت و دەست بەنۆژەنکردنەوەی یاریگاکە بکرێت.
یاریگای “شەهید فەڕەنسۆ ھەریری” یاریگایەکی نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و بەدووەم گەورەترین یاریگایی وەرزشی دادەنرێت لە عێراق، لە ساڵی 1956 لەگەڵ دروستبوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە و لە کۆتایی ساڵی 2001 بەناوى شەهید “فەڕەنسۆ ھەریری” کراوە، لە ساڵی 2009 بۆتە یاریگایەکی نێودەوڵەتی، لە ئێستاشدا ئەو یاریگایە بۆتە بەشێكی دیار و بەرچاوە لە مێژووی هەولێر و جێی شانازی هەموو وەرزشوان و وەرزش دۆستانە.