رێگەدان بە دروستکردنی خانووی دابەش دوو کرایەوە
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار مۆڵەتی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو دەداتە ئەو خاوەن زەوییانەی ماوەیەكی درێژە چاوەڕوانی ئەو بڕیارەن كە هەرگیز بەرانبەر حكومەتی خۆیان نائومێد نەبوون و دەیانزانی بەپێی توانا، هەموو داواكانیان جێبەجێ دەكرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ یەكشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، روونكردنەوەیەكی بۆ سەرجەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی شار و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستانی ناردووە، ئەو مەرجانە خراونەتە روو بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە مۆڵەتی دروستكردنی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو سوودمەن بن.
بە گوێرەی بڕیارەکە ئەو زەویانەی دابەش دوو دەکرێن، نابێت لە 200 مەتر دووجا كەمتر بن و پێویستە رووكاری هەر پارچە زەوییەكیان لە پێنج مەتر كەمتر نەبێت و رووبەری هەر زەوییەكیش دوای دابەشكردنی بەلای كەمەوە 100 مەتر کەمتر نەبێت.
هەروەها لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتیی هاووڵاتییان ئەم بڕیارە دەرچووە، دوای ئەوەی دەیان كۆبوونەوە و گۆڕینەوەی سەرنج لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناو وەزارەت و دەرەوەی وەزارەت كراوە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بڕیار لە بەرژەوەندیی ئەو خاوەنزەوییانە بدرێت و لایەنی ماستەرپلانی شارەكان و جەنجاڵیی گەڕەكەكانیش رەچاو بكرێت.
ئاماژەی بەوەش داوە:” لە رێگەی لێژنەكانییەوە سەرقاڵی ئامادەكردنی داتای تەرخانكردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەراندا، لە چوارچێوەی ئەو بەڵێن و مژدەیەی سەرۆكوەزیران بە تەواوی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دابوو.