ساسان عەونی: فەرمانبەران لە فەرمانگەکانی خۆیان دەتوانن دەست بە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی زەوی بکەن.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیێنێت: قۆناغی دەستنیشاندکردنی شوێنی زەوییەکانمان تەواوکردووە و، فەرمانبەران لە فەرمانگەکانی خۆیان دەتوانن دەست بە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی زەوی بکەن.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند:” بڕیاری دابەشکردنی زەویی بڕیاریكی زۆر گرنگ بوو، هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەخشەدانانی ئاوەدانی زۆر بە جددی کاری لەسەر دەکەن، قۆناغی دەستنیشاندکردنی شوێنی زەوییەکانمان تەواو کردووە.

ئاماژەی بەوەش دا، لەمەودوا فەرمانبەران لە فەرمانگەکانی خۆیان دەتوانن دەست بە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی زەوی بکەن.

ناوبراو راشیگەیاند، “لە هەموو پارێزگاکان کێشەی دابینکردنی زەویی هەیە، دوو بژاردەمان لە پێشە ئەگەر لەناو سنووری ماستەرپلانی شارەکان شوێنی پێویستە مابێت بۆ بابەتەکە بە دڵنیاییەوە کاری لەسەر دەکرێت، ئەگەر شوێنیش نەبێت ئەوا ماستەرپلانەکان فراوانتر دەکرێت و شوێنیان بۆ دابین دەکرێت”.

لەبارەی وەرگرتنی زەوی، دەڵێت: هەر فەرمانبەرێک مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت و هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت شیاوی وەرگرتی زەوییە.

Back to top button