بانکی TBI یەکەم کۆمەڵە کارتی بانکیی فەرمانبەرانی رادەستی تیمی هەژماری من کرد
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان سێشەممە راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا رایگەیاند كە بانکی TBI یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکانی رادەستی تیمی هەژماری من کرد.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دارایی هاتووە: ئەمڕۆ سێشەممە لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی (هەژماری من)، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هەڵسا بە رادەستکردنی یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکان بە تیمی هەژماری من کە پێکهاتبوو لە کارتی بانکی (368) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
راشیگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی کارتە چاپکراوەکانی دیکەی بانکەکەیە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کەوا بانکی ناوبراوییان هەڵبژاردبوو لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من و لە ماوەی هەفتەکانی رابردوو زانیارییەکانیان بۆ بانکی ناوبراو نێردرابوو، تاکو بە زووترین کات بتوانێت کارتەکان رادەستی فەرمانبەرانی خوازیار بکات.
وەزارەتی دارایی هیواشی خواست سەرجەم مووچەخۆران بەردەوامبن لە تۆمارکردنی خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن لە ڕێگەی هەڵبژاردنی یەکێک لەو حەوت بانکانەی کە لە ئێستادا لە پڕۆژەی هەژماری من بەردەستن.