پارێزگاری ورمێ بۆ کارئاسانی زیارەتکارانی ئێرانی سەردانی هەولێر دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5-6-2024، شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە سەرۆکایەتی محەمەد سادق معتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێران، گەیشتنە دەروازەی حاجی ئۆمەران.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری ورمێ و شاندی یاوەری، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین هەوراز و نشێوی تێکەوتووە، بەڵام لەگەڵ محەمەد سادق معتەمیدیان باسمان لەوەکرد هەردوولامان پێویستمان بەیەکترە.

هەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی: لە ماوەی ساڵێکدا دانیشتن و گفتوگۆکانی نێوان پارێزگاکان دەستکەوتی باشی هەبووە، هەروەها لە هەموو بوارەکانی، بازرگانی، کەلتووری و ڕۆشنبیری و بوارەکانی دیکە بەرەوپێشچوونێکی باشی بە خۆیەوە بینیووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە پەیوەندییەکانمان باش بەو شێوەیە نەبووبێت، بەڵام دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، جارێکی دیکە پەیوەندییەکان ئاسایی بوونەوە، هەر ئەمڕۆ پارێزگارەکانی سنە و کرماشانیش لە سنووری سلێمانییەوە دێنە هەرێمی کوردستان، بڕیاریش وایە بۆ سبەی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە هەولێری پایتەخت بەڕێوە بچێت و زیاتر پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بدەین.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەشڵێت: سەردانەکەی ئەو شاندە بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولایە، یەکێک لەتەوەری گفتوگۆکان بابەتی دەروازەی “کێلە شین”ـە لە سنووری قەزای سیدەکان.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا محەمەد سادق معتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ گوتی: خۆشحاڵین کە لەماوەی کەمتر لە سێ ساڵ ئەمە چوارەم جارە میوانی برایانمان دەبین لە هەرێمی کوردستان”، شاندی یاوەرم شاندێکی باڵای ئابوورییە و پێک هاتوون لە نوێنەرانی شارە سنووریەکانی، پیرانشار، سەردەشت، شنۆ، مەهاباد و نەغەدە، ئەمەش گرنگی پەیوەندییەکانی هەردوولامان نیشان دەدات.

معتەمیدیان باسی لەوەشکرد، ئێمە لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا ڕێککەوتنی باشمان لە پەرەپێدانی ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتی کردووە، هەروەها زۆرینەی بەندەکانی ڕێککەوتنەکان جێبەجێکراوە، کاریگەرییەکانیش لە بواری ئابووری دەبینین.

پارێزگاری ورمێ گوتیشی: لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا ترانزێت لە سنوورەکانی پارێزگای ورمێ بۆ ناو هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، هەروەها نزیکەی 40% هەناردەمان زیادی کردووە، ئەمەش نیشانەی پەیوەندی و هاوکارییەکانی دوو لایەنە کە لەساڵانی ڕابردوو گرنگی پێدراوە، ئەوەش ڕێنمایی ئیبراهیم ڕەئیسی بوو کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باش بێت.

ڕاشیگەیاند، دووەم کۆبوونەوەی پارێزگارانی پارێزگا سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ پارێزگارانی هەرێمی کوردستان بەرپرسانی هەرێم بەڕێوەدەچێت، بۆ قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکان و دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا.

Back to top button