سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
رۆژی چوارشەممە 6ی حوزەیرانی 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە و عێراق و دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکان کرا، و هێما خرایە سەر ئەو پێشڤەچوون و لێکتێگەیشتنە ئەرێنییانەی کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ هاتوونەتە ئاراوە لە پێناو چارەسەرکردنی ریشەیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
هەر لەو دیدارەدا باس لە بارودۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئەو ئاستەنگ و کێشە ئەمنی و سیاسیانە کرا لە لەو ناوچانەدا بۆ دانیشتوانی رەسەنی ناوچەکە دروست دەبن، و هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە رێگەچارەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بدۆزرێنەوە.
پێشهات و گۆڕانکاری و بارودۆخی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.