پێنج هەزار تۆن پەتاتەی جووتیارانی کوردستان هەناردەی وڵاتی سعوودیە دەکرێت
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، جووتیارانی کوردستان دەستیان بە چنینەوەی پەتاتە کردووە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی پەتاتە لە ئەمساڵدا بگاتە 750 هەزار تۆن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی جووتیارانە لە بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان. بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر بە دوو دان (شەفت) ڕێگەپێدان بە بازرگانان دەدەن؛ تا بەرهەمەکان ڕووە و خوارووی عێراق ببەن.
لەمبارەیەوە هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی راگەیاندووە: “لە چوارچێوەی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، دەرفەتی بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانمان هەیە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان. لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیاران سنوورەکانمان کۆنترۆڵ کردووە؛ خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆ زیاتر بووە و جووتیاران و بازرگانان دەتوانن بەرهەمەکانیان بفرۆشنەوە. بۆ بەبازاڕکردنی زیاتری بەرهەمەکانیان کاتی ئێوارانمان زیاد کردووە؛ ڕۆژانە لەکاتژمێر 4ی ئێوارە تاوەکوو 6:30 فەرمانبەرەکانمان لە ژووری چاودێریی عەلوەی هەولێر بەدواداچوون دەکەن و پشتگیری بە جوتیاران و هەر کەسێک کە بەرهەمی جووتیاران بەبازاڕ بکات دەدەن. ئەو بەرهەمەی لە کوردستان بەرهەم دێت، ئێمە پشتگیری پێ دەدەین و دەتوانرێت بەبازاڕ بکرێت”.
گوتیشی: ڕۆژانە 300 بارهەڵگر، 2 هەزار تۆن پەتاتە و 100 تۆن پیاز، بەپێی ڕێگەپێدانێک کە پشتڕاستی دەکاتەوە بەرهەمەکە ناوخۆییە، بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەگوازنەوە.
دڵشاد سەلام، جووتیارە و لەمبارەیەوە دەڵێت: “من جوتیارم لە ناوچەی شێخان و بەردەڕەش بەرهەمی پەتاتە و پیازمان زۆرە، ڕۆژانە 100 تا 150 ئوتۆمبێل بەرهەم بۆ ئێرە دەهێنین، بەرهەمەکانمان باشترینن لە هەموو عێراق، ئەگەر حکوومەت هاوکاریمان نەکات بەرهەمەکانمان دەمێننەوە.”
هەروەها مستەفا نەجەف، بازرگانە و دەڵێت: “پەتاتەی کوردستان زۆر باشە و خواستێکی زۆری خوارووی عێراقی لەسەرە. ئەمڕۆ بارەکەم بۆ بەسڕە و نەجەف و کوت دەنێرم؛ ڕۆژانە بار دەنێرم و 50 بۆ 100 تەن پەتاتە هەناردە دەکەم.”
بە هۆی گرنگیپێدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ، بەرهەمی جوتیاران لە زیادبووندان و پاڵپشتییەکانیش بۆ بەبازاڕکردن بەردەوام دەبن، هەفتەی ئاییندە 5 هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی وڵاتی سعوودیە دەکرێت.