پەرلەمانتارێكی پارتی: نەناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان لەژێر هەر ناوێك، نایاساییە و گێچەڵپێكردنە
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە هاوكات ئەندامی لێژنەی داراییشە، رای دەگەیەنێت كە لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا پارەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان تەرخان كراوە و لەسەر وەزارەتی دارایی عێراقە ئەو مووچەیە خەرج بكات.
سیپان شێروانی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە مەدەنی و سەربازی و خانەنشین و چاودێرییەوە لە بودجەی 2024 بە 965 ملیار دینار دیاری كرا.
ڕوونیشی كردۆتەوە: ئەم ژمارەیە لە چەندین فیلتەری جیاوازی هەرێمی كوردستان و بەغدا، وەك (هەردوو وەزارەتی دارایی، هەردوو وەزارەتی پلاندانان، هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی، هەردوو ئەنجومەنی وەزیران و ..) تێپەڕیوە و سەرجەمیشیان پەسەندیان كردووە، بە دوای هەموو ئەم فیلتەرانە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش پەسەندی كرد و بوو بە یاسا.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسی لەوەش كردووە: ئەركی وەزارەتی دارایی تەنیا جێبەجێكردنی یاساكەیە وەك خۆی، جگە لەمە، هەر ڕێكارییەكیتر لەژێر ناوی وردبینیكردن بێت یان هەر ناوێكی تر، نایاساییە و گێچەلپێكردنە. هەر كەسێكیش ماف بداتە ئەم كارەی وەزارەتی دارایی بۆ ڕاگرتنی موچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان بەهەر بیانوویەك بێت، بەشدارە لەو سیاسەتە قێزەوەنەی دژی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان دەگیرێتە بەر بۆ برسی كردن و شێواندنی ژیانیان.