رێکخراوی چمک داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سزادانی سەرۆکەکەی دەکات

رێکخراوی چاودێری میدیای کوردی (چمک)؛ سەرکۆنەی سزادانی سەرۆکی رێکخراوەکەی د. شوان ئادەم ئەیڤەس دەکات کە لەلایەن دادگای کەتنی دووی سلێمانی بە سێ مانگ بەندکردن و پڕکردنەوەی بەڵێننامە پێی سزای دا.

لەوبارەیەوە تۆڕی_ئەکادیمی_کوردی لە بانگەوازێکییدا بۆ رایگشتی بڵاویکردەوە کە رۆژی دووشەممە (03ی حوزەیرانی 2024) بە بڕیاری ژمارە 2534/ک/2021، دادگای کەتنی دووی سلێمانی بە تاوانی دانانی «پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی ئیتیکی میدیا» بۆ قۆناغی دووەمی بەشی راگەیاندنی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی هەڵەبجە بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021، سزای سێ مانگ بەندکردنی بەسەر د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ پسپۆڕی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن-دا سەپاند. هەروەک لە دەقی سزاکەدا هاتووە: بەپێی ماددە 433/آ لە یاسای سزادانی عێراق؛ ژمارە 111ی ساڵی 1969 سزای «حبسی سوک» بەسەر ئەو مامۆستایەی زانکۆدا سەپێنراوە، ئەوەیش بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن و باری ژیان و نەبوونی پێشینەی تاوانکاری و بارودۆخی تاوانەکەی؛ دادگا دەگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە جارێکی تر لە داهاتوودا تاوان ئەنجامنادات، لەبەر ئەوە دادگا بڕیاری دا بە وەستاندنی جێبەجێکردنی سزاکە دژی تۆمەتبارکراو بۆماوەی سێ ساڵ لە رۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارە، «بەو مەرجەی بەڵێن بدات کە لەو ماوەیەدا رەفتار و هەڵسوکەوتی چاک بێت.»

ئێمە لە رێکخراوی چاودێری میدیای کوردی (چمک) وەک تاقانە رێکخراوی ناحکومی قازانجنەویست بۆ چاودێری و هەڵسەنگاندنی خەوش و کەمتەرخەمییەکانی میدیاوان و میدیای کوردی بە تووندی سەرکۆنەی بڕیاری سزادانی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس؛ سەرۆکی رێکخراوی_چمک و سەرنووسەری گۆڤاری دەرگاوان و پسپۆڕی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن لە بەشی تەکنیکی میدیای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەکەین؛ داواکارین هەرچی زووە ئەم بڕیاری سزادانە لەلایەن دادگەی تێهەڵچوونەوە هەڵبوەشێنرێتەوە، چونکە سەرگرتنی ئەم بڕیارە دەبێتە پێشهاتێکی مەترسییدار لەبەردەم ئازادییەکانی دەربڕین، رۆژنامەگەری، وانەوتنەوە و توێژینەوەی ئەکادیمی و کاری پیشەیی ئەکادیمییانی کوردستان. هەربۆیە ئێمە ئەم سزایە بە سزایەکی تاکەکەسی نازانین و پێمانوایە سزایەکی گشتییە بۆسەر ماف و ئازادییەکانی سەرجەم مامۆستایان و توێژەرانی میدیایی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. لێرەوە بە دەنگی بەرز روو لە ئازادییخوازانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دەکەین:

#نا_بۆ_بەرتەسککردنەوەی_ماف_و_ئازادیی_ئەکادیمی

رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی
چ.م.ک
کوردستان

Back to top button