حەوت ساڵ بەسەر بڕیاری مێژوویی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم تێدەپەڕێت
٧ی حوزەیرانی 2017 سـاڵیادی بـڕیاره بـوێـرانهكهی گهلی كوردستانه، ئەو رۆژە مێژووییەی کە بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی بڕیاری ریفراندۆم درا و 25ی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان ئەنجامدرا .
رۆژی7/6/2017 ئهنجومهنی باڵای ریفراندۆم پێكهێنرا، زۆرینهی پارته سیاسییهكانی كوردستان، به سهرپهرشتى سهرۆك مهسعود بارزانى كۆبوونهوه و پێكهوه رایانگهیاند: “كاتی ئهوهیه گهلی كوردستان بڕیار له چارهنووسی خۆی بدات، تا بزانرێت سهربهخۆیی دهوێت”.
رۆژی بڕیاردانەكە، سەرۆك بارزانی لە نامەیەكدا نووسی: “كۆبوونەوەی رۆژی 7/6/2017، مێژوویی و گرنگ بوو و دەستكەوتێكی بەهادارە بۆ گەلی كوردستان و قوربانیدانی شەهیدان، شانازییەكی گەورەیشە بۆ هەموو ئەو لایەنانەی بەشداری كۆبوونەوەكە بوون و بڕیاری مێژووییان دا بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بتوانی لە ڕێگەی ریفراندۆم دەنگ و ویستی خۆی بە جیهانیان بگەیەنێت”.
سەرۆك بارزانی هەروەها نووسیویەتی: “سوپاس بۆ خوا و بۆ پێشمەرگە و جەماوەری سەربەرزی كوردستان و سوپاس بۆ ئەو لایەنانەی بە هەست و بەرپرسیاریەتییەوە هەڵوێستی نیشتمانی و مێژووییان نواند. هیوادارم ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی یەكڕیزی نیشتمانی و تەبایی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان. ویستی گەلی كوردستان ئەوەیە دەستكەوتەكانی كە مافێكی سرووشتیی گەلی كوردستانە، لە ڕێگەی ئاشتی و دوور لە توندوتیژی بەدەست بهێنێت. هەر لەو بارەیەشەوە دەمانەوێ باشترین پەیوەندی و لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ بەغدا و دراوسێكانمان و وڵاتانی ناوچەكە هەبێت.”
سەرۆك بارزانی لە كۆتایی نامەكەشدا دەڵێ: “نابێ هەرگیز لە یاد بكەین كە دەستكەوت و سەركەوتنەكانمان بەرهەمی خوێنی شەهیدە نەمرەكانمانە. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی.”
سەرۆك بارزانی ساڵی رابردوو لە شەشەمین ساڵیادی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆییدا پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی بە “رۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی گەل” ناو برد.
رۆژی 25/9/2017 بەر لە حەفت ساڵ، ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، سێ ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس بەشدارییان تێدا کرد، لە ریفراندۆم دوو ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا، کە دەکاتە زیاتر لە 92%ی كۆی بەشداربووان.