ئەنجومەنی روحانی ئێزیدییەكان: گۆڕینی ناسنامەی ئێزیدی لە كورد بە تەواوی رەت دەكەینەوە
ئەمڕۆ شەممە هەشتی حوزەیران، ئەنجومەنی رووحانی ئێزیدی راگەیەنراوێكی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت: “ئێزیدییەكان بەشێكی دانەبڕاوی گەلی كوردن.”
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، رەگ و ریشەی مێژوویی و كەلتووریی ئێزدییەكان لەناو خاكی كوردە، هەر هەوڵێك بۆ گۆڕینی ناسنامەی ئێزیدییەكان لە كورد بە تەواوی رەت دەكەنەوە.
ئەنجومەنی روحانی ئێزیدی ئەوەی خستۆتە ڕوو، كە ئێزیدی ئایینێكی كۆنە و مێژووییە و لەناو قوڵایی خاكی كوردانە، دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ و بەشێكە لە شوێنەواری كورد.
ئاماژە بەوە كراوە، ئێزدییەكان بە كوردی قسە دەكەن و دابونەریتیان هاوتەریبە لەگەڵ دابونەریتی گشتیی كورد، سەرەڕایی هەموو ئاڵنگاری و بەربەستەكان دووپات لە رێزگرتن لە ناسنامەی ئێزیدییەكان دەكەنەوە، كە كوردییە و هەوڵی گۆڕین یان نەهێشتنی بە تەواوی رەت دەكەنەوە.
ئەنجومەنی روحانی ئێزیدییەكان روونی دەكاتەوە، پاراستن و هێشتنەوەی ئەم ناسنامەیە پێویستە و ئەمەش بەشێكی جیا نەبوویەوە لە پاراستنی كەلتوری رۆشنبیری و ئایینی ئێزیدی و كوردی بەشێوەیەكی گشتی.
ماوەی چەند رۆژێكە هەوڵێك لە لایەن نایف سەیدۆ پەرلەمانتارێكی ئێزیدی لە پەرلەمانی عێراق، پرۆژە یاسایەكی پێشكەشكردووە، بۆ ئەوەی ئێزیدییەكان وەك نەتەوەیەكی سەربەخۆ بناسێندرێت، بۆ ئەوەی زیاتر لە 200 واژوو كۆ كراوەتەوە.