وەزارەتی دارایی و ئابووری: سبەی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەکرێت
بڕیارە سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار بکرێت و همارەیەک وەزارەت مووچەیان پێ دەدرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، “دوای گەیشتنی بڕی 107 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵەوە بۆ سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لەڕۆژی پێنج شەممە 6ی 6ی 2024، وەک شایستەی مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی مەدەنی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.”
هەر لە راگەیاندراوەکەدا وەزارەتی دارایی ئاشکرای کردووە کە، “رۆژی یەکشەممە 9ی حوزەیرانی 2024، مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی مەدەنی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دابەش دەکرێت.”
ئاماژە بەوەش دراوە، “دوای گەیشتنی تەموویلی وەزارەت و دام و دەزگاکانی تر لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، راستەوخۆ خشتەی مووچەی ئەو دام و دەزگایانەش رادەگەیەنرێت.”