ئیدریس ئیسماعیل بۆ قوباد تاڵەبانی: یەكێتی زۆر دەمێكە تامەزرۆی كۆبوونەوەیە لەگەڵ پارتی، بۆیە ئەم قسانە دەکەیت
ئەندامێكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی قوباد تاڵەبانی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت كە پارتی متمانەی پێیان نەماوە و ئامادە نییە لەگەڵیاندا كۆ بێتەوە.
دوای ئەوەی قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێکیدا، بانگەشەی ئەوەی كرد گوایە ئەوان وەك یەكێتی نایانەوێ لەبارەی هەڵبژاردن لەگەڵ پارتی كۆ ببنەوە، پەرلەمانتارێکی پێشووی کوردستان لە وەڵامدا دەڵێت، كەس نەیبیستووە كە پارتی داوای كۆبوونەوەی لە یەكێتی كردبێت!”
ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ”نازانین قوباد تاڵەبانی ئەم قسەیەی لە كوێ هێنا، تۆ كە داوای كۆبوونەوەت لێ نەكراوە، هاتووی دەڵێی كۆ نابمەوە، مانای وایە لە ئەسڵدا زۆر دەمێكە تامەزرۆی كۆبوونەوەیت و حیسابت بۆ نەكراوە، بۆیە هاتووی بەم قسانە دڵی خۆت دەدەیتەوە.“
ئاشکراشی کرد: ”ئێمە وەك كادیرانی پارتی، لەوە تێدەگەین كە پارتی لەگەڵ حزبێك كۆ نابێتەوە كە سەركردەكانی خۆیان نەزانن چیان دەوێ و لە شوێنی ترەوە فەرمانیان بۆ بێت، یەكێتی ئێستا رێك لەم دۆخەدایە، لە لایەكەوە مەمنونی مەرحەبایەكی پارتییە، لە لایەكی ترەوە دۆستی دوژمنانی كوردستانە و پیلانگێڕی دەكات، پارتییش ئەم جۆرە رەفتارانەی پێ خۆش نییە! بە كورتییەكەی، یەكێتی لەو كاتەوەی كەوتووەتە ژێر دەستی بافڵ و قوباد تاڵەبانی و سیاسەتێكی هەڵبژاردووە كە سەركردەكانی خۆیان بە هەرزە و كاڵفامی سیاسی وەسفی ئەم جۆرە سیاسەتە دەكەن، چیتر حیزبێك نەماوە كە خۆی خاوەنی بڕیاری خۆی بێت، کۆبوونەوەش لەگەڵ ئەم جۆرە حیزبانە بێ سوودە، با هەر لەگەڵ رەیان كلدانی و میلیشیا هاوشێوەكانیان كۆ ببنەوە و پیرۆزی یەكتر بن.“
پەرلەمانتارەکەی پێشووی كوردستان دووپاتی لەوە كردەوە كە یەكێتی لە ئاستی دیپلۆماسی و سیاسیدا متمانەی لەدەست داوە، هەموو حیزبەكانی كوردستان تێگەیشتوون كە ئەگەر دەیان كۆبوونەوەش لەگەڵ یەكێتی بكەن و چەندین رێككەوتنیش مۆر بكەن، ”لەبەر ئەوەی یەكێتی خیانەت لە رێككەوتنەكانی خۆی دەكات و بە قەولی خۆیان گوتەنی، هاوڕێی نیوەی رێگەیە، ئیتر متمانەی پێ ناكرێت، بۆیە كۆبوونەوەش لەگەڵ حیزبێك كە متمانەت پێی نەبێت، كارێكی بێسوود و زیادەیە.”