سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەکات
رۆژی یەکشەممە 9ی حوزەیرانی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ئاڵنگاری و ئاستەنگەکانی بەردەم سەقامگیری ناوچەکە کرا.
هەر لەو دیدارەدا رۆشنایی خرایە سەر پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا و بەردەوامی و بەرەوپێشەوە بردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوولا بە گرنگ زانرا.
هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاسی فەڕەنسای کرد و ئاماژەی بەوەدا کە گەلی کوردستان هەرگیز رۆلی دۆستانە و ئیجابی گەل و حکومەتی فەڕەنسا لەبیر ناکات کە لە قۆناغە سەختەکاندا هاوسۆز و پاڵپشتی گەلی کوردستان بوون، و هەروەها باسی لە هەڵوێستی سەرۆک فرانسوا میتران کرد لە پشتگیری و بەدەنگەوەهاتنی گەلی کورد لە ساڵی 1991 و هەوڵدانیان لە دەرکردنی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایش و دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام و پاراستنی گەلی کوردستان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا کە بڕیارە ئەمساڵ ئەنجام بدرێت و جەخت لە پێویستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کرایەوە.