رێكارەكانی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا خێرا دەكرێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار نوسراوێکی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەکان کرد بۆ خێراكردنی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر بەسەر فەرمانبەراندا.

لەنوسراوێكدا كە واژووی ساسان عەونی ، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر و وەزارەتەکە بڵاویكردوەتەوە؛ پاڵپشت بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (242) و بۆ ئاسانكردن و خێراكردنی پڕۆسەی جێبەجێ كردنی بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، نوسراو ئاڕاستەی شارەوانییەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، گەرمیان، هەڵەبجە، سۆران، زاخۆ و راپەڕین كراوە.

لەنوسراوەكەی وەزارەتی شارەوانیدا، هاتووە:” بۆ ئامادەكردنی ئەو رووبەرە زەویانەی بۆ بەكارهێنانی نیشتەجێبونن و بەپێی ماستەرپلانی پەسەندكراوبون، نەخشەی كەرتی بەپێی كۆنوسەكە بۆ ئامادەبكرێت، ئەوەشی لەدەرەوەی سنووری ماستەرپلانی بوو، دوای دراسەكردن رێكارەكانی پێویستی بۆ بگیرێتەبەر.

روونیكردۆتەوە؛” ئەگەر زەوی پێویست لەسنووری شارەوانی و ماستەر پلاندا نەبوو، پێشنیاری گونجاو بۆ فراوانكردن ئامادەبكرێت، بەڵام بەگرتنەبەر و جێبەجێكردنی رێكاری یاسایی و پلانسازی بێت، دواتر و پاڵپشت بە ماددەی (8) لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان سنورەكە فراوانبكرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رووبەری ئەو پارچە زەویانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەكرێت نابێت لە (200) كەمتر بێت واتە درێژیەكەی هەشت مەتر و پانییەكەی (25) مەتربێت. و پانی شەقامەکان بۆ ناو شارو قەزاو ناحییەکان 12م کەمتر نەبێت.

Back to top button