د. شاخەوان عەبدوڵڵا: پێویستە لە نزیکەوە ئاگاداری گلەیی و گازاندەی هاووڵاتییانی کەرکووک بین

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پیویستە لە نزیکەوە ئاگاداری گلەیی و گازەندەی هاووڵاتییان و فەرمانگەکانی کەرکووک بین و کێشەو گیروگرفتەکانیان چارە بکەین.

چوارشەممە،12ـی حوزەیرانی 2024، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕاستە پێویستە ئێمە زیاتر لە بەغدا بین، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە دەستبەرداری ئەو گلەیی و گازەندانەی هاووڵاتییانی کەرکووک و فەرمانگەکانی کەرکووک بین.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتیشی، “لەو چوارچێوەیەدا، کۆمەڵێک فەرمانگەمان بەسەرکردەوە، لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ، تەندروستی و کارەبا، ئەوانەی کە کاریان لەگەڵ هاووڵاتییان هەیە لە شارەوانیەوە بەسەر دەکەینەوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بزانین هاووڵاتییان مامەڵەکانیان چۆن ڕایی دەکرێت و کێشە و گیروگرفتەکانیان چییە؟”.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشدا: “سەبارەت بە فەرمانگەکانی کەرکووکیش، ئەو کێشانەی کە هەیە و دێتە پێشەوە چییە، بۆیان چارە دەکەین، لە ماوەکانی ڕابردوو کۆمەڵێک کێشە هەبوو، بەتایبەت ماتۆڕسوارەکان کە کێشەی ئەوەیان هەبوو ماتۆڕەکانیان بۆ تۆمار ناکرێت، ماوەیەکمان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا دیاری کرد بۆیان، لە ڕابردووشدا کێشەی ئینتەرنێتیان هەبوو بۆیانمان چارە کردووە، ئێستەش هەر کێشەیەکیان هەبێت بۆیان چارە دەکەین”.

شاخەوان عەبدوڵلا ئاشکراشی کرد، “هەنگاوێکی ڕژد هەیە، بۆ دیاری کردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک، لە دەرفەتێکی نزیکدا لە دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا، پارێزگارێک دیاری بکرێت کە گوزارشت لەسەرجەم پێکهاتەکان بکات. پۆستەکانی دیکەش هەنگاو بە هەنگاو لەماوەی دوو سێ مانگدا سەرجەم پۆستەکانی کەرکووک دابەش بکرێت”.

Back to top button