ھەولێر و بەغدا پێوەست بە پرسی نەوت لە رێککەوتنی کۆتایی نزیک بوونەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق گوتی رایدەگەیەنێت، ئەنجامی گفتوگۆی ھەرێم و بەغدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە زۆر باش بوو، و دوای جەژن رێککەوتنی کۆتایی دەکرێت بۆ ئەوەی دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت.

دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: گفتوگۆی شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق، ھەنگاوێکی گرینگ بوو و باسی زۆر پرس کرا، لەوانە چۆن بتوانرێت دەستکاری گرێبەستەکان بکرێت بەپێی سیستەمی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیا بیانییەکان لاریان نەبوو، پێویستە لایەنی سێیەم ھەبێت لەنێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق تا مافیان پارێزراوبێت ئەویش دەبێت کۆمپانیایەکی یاسایی و باوەڕپێکراو بێت لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، هاوکات ئالیەتێک دابندرێت بۆ دەستکاریکردنی گرێبەستەکان، باسی تێچووی دەرھێنانی نەوتیش لە ھەرێم کرا و کۆمپانیاکان داوای 22 بۆ 24 دۆلار دەکەن، وەزارەتی نەوتی عێراقیش دەیەوێت شەش دۆلار بێت، ئەوەش قابیلی گفتوگۆ و چارەکردنە، ئێمەش لە پەرلەمان دەنگمان لەسەر ئەوە دا، خشتەکانی بودجە لەوێ دوو ترلیۆن و 700 ملیار دینار بۆ چالاکییەکانی نەوتی لە ھەرێمی کوردستان بەگشتی تەرخان کراوە، جگە لەوەش ترلیۆنێک و 400 ملیار دینار بۆ گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەکان تەرخان کراوە.

ئەو ئەندامەی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: ئەوەی ئێستا ھەیە تێچووی نەوتە و ئەوانەی دیکە بابەتی تەکنیکین و چارە دەبێت، بەڵام ئەوەی دیکە پێویستی بە دابینکردنی بودجەیە، وەزارەتی نەوتی عێراقیش لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و رێککەوتنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ھەرێم رەزامەندی دەربڕیوە و پێویستە ئەو دۆسیەیە لە نزیکترین کات چارەیەکی گونجاوی بۆ بکرێت کە ھیچ لایەنێک زەرەرمەند نەبێت، ئێستاش بەرەو رێککەوتنی کۆتایی دەچین، دوای جەژنیش گفتوگۆی دیکە دەکرێت.

Back to top button