لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند پرسێکی گرنگی تاوتوێ کرا
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغدا وکۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو.
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، باسی لە رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و وردەکاری گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکومەت و کۆمپانیا نەوتییەکانی کرد و ئاماژەی دا کە لە کۆبوونەوەکاندا، شاندی حکومەتی هەرێم جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەرچی زووە رێکار و میکانیزمی چارەسەرکردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دابنرێت تا لە نزیکترین دەرفەتدا، لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێت و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتی عێراق بۆ خزمەتی خەرجییەکان، تاکو چیتر زیان بە گەنجینەی گشتی عێراق و هەرێمیش نەگات، کە ئەمە خواستی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ وکۆمپانیا نەوتییەکانیشە، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا لە کۆبوونەوەکانی بەغدا، ئامادەیی حکومەتی هەرێممان دەربڕی بۆ هەر کارئاسانییەک لەم پێناوەدا بە رەچاوکردنی بنەما و دەسەڵاتە دەستووریەکان و بەرژەوەندی گشتی هاوبەش، کۆبوونەوەکانیش لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبن.
ئەنجومەنی وەزیران ستایشی هەوڵەکانی تیمی دانوستانکاری کرد وجەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و خوازیاری ئەوەیە لە زووترین کاتدا بگەن بە رێککەوتنی کۆتایی.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن بوو لە سەر بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە دانانی دوو گۆڕەپانی گومرگی لە هەردوو پارێزگای موسڵ و دیالە کە کاریگەری لە سەر رێڕەوی جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، راپۆرتێکی لەبارەی کاریگەری و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی ئەم بڕیارە لە سەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی بەردەوامدا بن بۆ گفتوگۆ بە ئاراستەی چارەسەرکردنی بابەتەکە بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشتی و ئاسانکاریکردن بۆ برەودان بە جووڵەی بازرگانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بێت بە رەچاوکردنی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و نەهێشتنی رۆتین و بەربەستەکان.
پاشان لە بڕگەی سێیەمدا، دارا رەشید وەزیری پلاندانان، راپۆرتێکی بەرفراوان و پڕ لە زانیاری لە بارەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان و ئاڤاهییا لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد کە بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
وەزیری پلاندانان، تیشکی خستە سەر رێکار و ئامادەکاری و هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستییانە و لە پێناو گەشەپێدانی هەمەلایەنە بێت و دوور بێت لە دەستوەردان و هەر ئامانجێکی سیاسی بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و هەماهەنگی بەردەوامیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و بایەخی سەرژمێری بۆ مەبەستەکانی بووژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم سەرژمێریە لەسەر بنەمای رەچاوکردنی دادپەروەری و یەکسانی بێت و دوور بێت لە هەر مەبەستێکی سیاسی و نەتەوەیی و پێشێلکاری لە بنەما دەستوورییەکان و ماددەی 140 ی دەستووری تایبەت بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە پێویستە تەنیا دەستوور چارەنووسی ئەم ناوچانە یەکلایی بکاتەوە.
لە کۆتاییدا ، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە ئامادەسازییەکانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە، لە سەرتاسەری هەرێم خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هاوکاری وەزارەتی پەروەردە بن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە.