سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق کرد.
سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی دۆستانەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان.
باڵیۆزی فەرەنسا خواست و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشتربردنی پەپوەندی دوولایەنە دووپات کردەوە. ئاماژەشی بەوەدا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا، شاندێکی کۆمپانیا فەرەنسییەکان بە مەبەستی برەودان بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و وەبەرهێنان، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، جەخت لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا و بە بەشداری هەموو لایەن و پێکهاتەکان کرایەوە، کە پێویستە بە شێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە و متمانەپێکراو ئەنجام بدرێت.
چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.