وەزارەتی تەندروستی بۆ رۆژانی جەژن 18 خاڵ رێنمایی و خزمەتگوزاری بڵاو کردەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێم چەندین رێنمایی بەمەبەستی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە هاووڵاتییان بڵاو کردەوە و رایگەیاند :” دانانی لیژنەی بەدواداچوون و کاراکردنی هێڵی گەرم و کردنەوەی کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و ئامادەباشی ئەمبوڵانسەکان بەشێکن لەو خزمەتگوزاریانەی کە وەزارەتی تەندروستی لە رۆژانی جەژن پێشکەشیان دەکات.

دەقی راگەیندراوەکە:

لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

1. دانانی لیژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتی گشتی و نەخۆشخانەکان.

2. بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێلی گەرمی پەیوەندی هەبێت.

3. لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.

4. پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.

5. هاتنەژوورەوەی راگەیاندن تەنها لە رێگای راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیەکان دەبێت.

6. ئاماری رۆژانە دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێر لە رێگای پەیوەندی مۆبایلەوە لە 8ـی بەیانی تاکوو 8ـی بەیانی رۆژی دوایی رەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان.

7. رۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان رەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان.

8. ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.

9. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.

10. هێلەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت وەڵام بدرێتەوە.

11. نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکیەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیاریەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکەن.

12. سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.

13. سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.

14. تیمەکانی فریاگوزاری و هێلی 122 بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی 24 کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.

15. تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.

16. تیمەکانی تەندروستی بەهەماهەنگی تیمەکانی ڤیتەنەری چاودێری شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵ بکەن و چاودێری مەرجە تەندروستیەکان بکەن.

17. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.

18. تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتیاریەکان دابنریت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ باری لەناکاو.

بە هیوای سەلامەتی بۆ هەمووان …

 

Back to top button