مەسرور بارزانی: کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەبوو

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 14-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەری کرد. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی نێوانیان، کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند، هەردوولا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازکرد.

لە کۆنفرانسەکە مەسرور بارزانی بە ناوی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە خێرهاتنێکی گەرمی سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی بۆ بەغدا و هەولێر کرد.

سەرۆکی حکومەت لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشیان، گوتی: “ئێمە کۆبووەنەوەیەکی زۆر باشمان هەبووە لەگەڵ جەنابی وەزیر. لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنە، لەسەر چۆنیەتی باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان؛ هەروەها باشترکردنی ئیستیقراری سیاسی لە ناوچەکە”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، هەردوولا باسیان لە “کێشە و گرفتە ئەمنییەکانی ناوچەکە”ـیان کردووە و هاوڕابوونە لەسەر ئەوەی سەقامگیریی ناوچەکە “لە بەرژەوەندیی دوو لایەنە و هەموو ناوچەکەدایە”.

 

Back to top button