دەستەی ژینگە هۆشداری لەبارەی گۆشتی قوربانییەوە دەدات

دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە گۆشتی قوربانی 12 بۆ 24 کاتژمێر لەناو ساردکەرەوە هەڵبگیرێت ئینجا بەکاربهێنرێت.دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نۆ خاڵ رێنمایی هاوڵاتییان دەکات و رایدەگەیەنت، دەبێت گۆشتی قوربانی 12 بۆ 24 کاتژمێر لەناو ساردکەرەوە هەڵبگیرێت ئینجا بەکاربهێنرێت.

خاڵەکان:-

1-پێویستە ئاژەڵەكان لە سەربڕخانەی فەرمی سەر ببڕدرێن.

2- پەیڕەوكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی و پاك و خاوێنڕاگرتنی سەربڕخانەكان و دەوروبەری سەربڕخانەكان؛ رشاندنیان بە دەرمانی تایبەت.

3- پێویستە ئاژەڵەکان ساغ بن و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییان نەبێت و گەنە (قڕنە) و مشەخۆری دەرەکی لەسەر نەبێت.

4 پێویستە لەسەر خاوەنئاژەڵ، پێش فرۆشتنی ئاژەڵەكانی (بۆ سەربڕین یان قوربانیكردن) بە ماوەی نزیكەی 3 هەفتە هیچ جۆرە دەرمانێكی نەدابێت بە ئاژەڵەكان و هۆڵی بەخێوكردنی ئاژەڵەكان بە دەرمانی تایبەت بڕشێنێت و چارەسەری ئاژەڵە نەخۆشەكانی بكات.

5- پێویسە لەسەر قوربانیكەر (قەساب و هاوڵاتی) بە گرتنەبەری گشت رێكارەكانی خۆپارێزی و پاكوخاوێنی لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵ و گۆشت ئامادەكردن، بە تایبەتی بەكارهێنانی دەستكێش و جزمە و جلی تایبەت و دووركەوتنەوە لە كۆبوونەوە لە دەوروبەری ئاژەڵ لە كاتی سەربڕین. هەروەها شووشتن و تەعقیمكردنی شوێنی سەربڕین، دەست و كەلوپەلەكان دوای بەكارهێنان و دەستدان لە گۆشت.

6- بەكارهێنانی كیسی (نایلۆن) ی نوێ و ڕوون و بێڕەنگ لە كاتی دابەشكردنی گۆشت.

7- لە كاتی گواستنەوەی گۆشت ڕەچاوی پلەی گەرمیی گونجاو بكرێت.

8- هەڵگرتنی گۆشت بۆ ماوەی 12 تا 24 كاتژمێر لە ساردكەرەوە، پاشان بەكار بهێنرێت.

9- فڕێنەدانی پاشماوەی سەربڕین و ئاژەڵ لە سەرشەقام و كۆڵان و بازاڕەکان.

Back to top button