لاهور جەنگی بەنیازە تۆڵە لە یەکێتی بکاتەوە

تا دێت ناكۆكی و ئاڵۆزییەكانی نێوان دەباشان و لالەزار توندتردەبن و گەیشتوونەتە لووتكە، دواترینیشیان راكێشانی گرووپێك بوو لەوانەی لەگەڵ لاهور جەنگی لە هێزی دووپشك كاریان دەكرد لەلایەن دەزگای زانیاری یەكێتییەوە، ئاڵۆزییەكانی زیاتر كرد.

لە ئێستادا لاهور جەنگی خۆی بە ركابەری سەرسەختی یەكێتی دەزانێ‌، لێكدانەوەكان بۆ جووڵەكانیشی هەر بەمشێوەیەیە كە دەیەوێ‌ لە دەرفەتێكدا، تۆڵەی هەموو ئەو تۆمەت و كارانە بكاتەوە كە لەلایەن یەكێتییەوە لە بەرامبەری كراون.

لاهور جەنگی جیا لە دروستكردنی لیستی بەرەی گەل بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بە گوتەی كەسە نزیكەكانی دەیەوێ‌ تۆڵەی ئەو تۆمەتانەش بكاتەوە كە بەرامبەری كراون.

سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرەی گەل، ئاشکرا کرد، هاندانی نزیكانی لاهور جەنگی بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو یەكێتی و راكێشانی چەند كەسێك لەوانەی لە هێزی دووپشك بوون لەلایەن دەزگای زانیاری یەكێتییەوە، زیاتر لاهور جەنگی تووڕە كردووە.

زیاتر گوتی، “بەدڵنیاییەوە لاهور جەنگی بەمشێوەیە دانانیشێت كە ناوبەناو بێن و پارچەیەك لە هێزەكەی لێ‌ بكرێتەوە” بۆیە چاوەڕوانی كاردانەوەی گەورە دەكرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا خەڵکی سلێمانی گیریان خواردووە بەدەست بەردەوامی ململانێیەکانی یەکێتی و رکابەرەکانی، بێ‌ پشوودان ماونەتەوە. پێشتر ململانێی باڵەكانی یەكێتی و دواتر ململانێی گۆڕان و یەكێتی و ئێستاش ململانێی بەرەی گەل و یەكێتی بەتەواوی شارەكەی بێزار كردووە.

Back to top button