ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی گرووپە مەترسیدارەكەی (گۆڤەند CTS) رادەگەیەنێ

لە راگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاشكرای دەكات كە توانیویانە تەواوی گرووپە مەترسیدارەكەی (گۆڤەند CTS) و سەركردەكەیان لە دەرەوەی وڵات دەستگیر بكەن كە دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی چەندان تاوانی ئەلیكترۆنی و لەخشتەبردنی كچ و كوڕانی گەنج.

لە راگەیاندراوەکە ئاسایشی هەولێر رایگەیاند:” توانیویانە هەفتەی رابردوو بەهاوكاری ئاژانسی پۆلیسی ئەوروپا (ئینتەرپوول)، گۆڤەند و تەواوی ئەندامی گرووپەكە كە هەندێكیان لە دەرەوەی وڵات بوون و هەندێكی دیكەشیان لە هەولێر، دەستگیر بكەن.

گۆڤەند كە سەركردەی گرووپەكەیە و ناوی راستەقینەی “ئیسماعیل فریاد تەها”یە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە رێگەی گرووپی تێلگرام و چەند ئەپێكی تر، چەندان تاوانیان بەرامبەر كچ و كوڕانی گەنج ئەنجامداوە و لە خشتەی بردوون، دواتریش بە بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆكانیان هەڕەشەی لێ كردوون.

شایەنی باسە گرووپەكەی (گۆڤەند CTS) كە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی زیاتر لە 150 تاوانی ئەلیكترۆنی، بەهۆی تاوانەكانیان لە ماوەی رابردوودا چەندان كوڕ و كچ سەرگەردان بوون و تەنانەت هەندێك لەوانیش پەنایان بردە بەر خۆكوشتن.

Back to top button