سەرۆكی هاوپەیمانیی حەمۆرابی سوپاسی سەرۆك بارزانی دەكات، كە لە هەموو قۆناغە مێژووییەكان پشتیوانیی لە پێكهاتەكان كردووە

ئانۆ جەوهەر، سەرۆكی هاوپەیمانیی حەمۆرابی، لەو بەیاننامەیەدا بڵاویکردۆتەوە، تیایدا داوای لە حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی كردووە، بە بڕیارێك میلیشاكانیش لە دەشتی نەینەوا بكشێنێتەوە، كە بوونەتە هۆی ئەوەی مەسیحییەكان و پێكهاتەكان لەو ناوچانە لە دڵەڕاوكێدا بژین و سەقامگیری بەدی نەیەت، داواشی كردووە، لە شوێنیان هێزی دەستووریی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان جێگیر بكرێن.

هەر لە بەیاننامەكەدا، بەشێوەیەكی ئەرێنی باس لە هەڵوێستی پێچەوانەی سەركۆماری عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كراوە، بۆ پشتیوانیكردن لە مەسیحییەكان و گەڕانەوەی د.لویس ساكۆ، سەرۆكی كەنیسەی كلدانەكانی جیهان بۆ بەغدا، هاوكات ستایشی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی كراوە، كە بەردەوام لە پشتیوانیکردن لە پێكهاتەكان و پێكەوەژیاندان، تیایدا هاتووە ”هەڵوێستەكانی سەرۆک بارزانی لە پێشوازیی پاتریارک و خەمخۆریی باوکانە بۆ مەسیحییەکان و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی لە هەموو قۆناغە مێژووییەکان چرایەکی پێکەوەژیان و خۆشەویستی بووە.“

ئانۆ جەوهەر، بە چەند خاڵێكیش داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە، ئەو هەڵانە راست بكەنەوە، كە دامەزراوەی سەرکۆماری لە عێراق كردوونی، هەروەها ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵە دەستوورییەی، کە دادگای فیدراڵی بە هەڵوەشاندنەوەی پشکی کورسیی مەسیحییەكان و تورکمانەكان لە پەرلەمانی کوردستان كردی، بە دووبارە سەیرکردنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گەڕاندنەوەی کورسیی تەواو بۆ مەسیحی و تورکمانەكان.

هەر لە بەیاننامەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، كە زۆرینەی ڕەهای کلدان و ئاشووری و سریانی و ئەرمەنی (مەسیحی) لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا لە کەرتی حکوومەت کار دەکەن و گرنگە حكوومەتی عێراق بەردەوام بێت لە پێدانی مووچە و شایستە داراییەكانی ھەرێمی کوردستان.

هاوكات ئانۆ جەوهەر، چەند داوایەكی دیكەیشی سەبارەت بە مافی پێكهاتەی مەسیحییەكان بۆ حكوومەتی عێراق خستووەتە ڕوو، لەوانە دامەزراندن و بنیاتنانەوەی ئەو ژێرخانانەی داعش لە گوندەکانی دەشتی نەینەوا وێرانیان کردووە و پاراستنی پێکهاتە و دیمۆگرافییەکەی، لەگەڵ وازهێنان لە هەموو ئەو داوایانەی لەلایەن هەندێک کەسی بێ مافەوە لە دژی پاتریارکی مەسیحییەكان تۆمار کرابوون.

Back to top button