حكومەتی هەرێم ژوورێكی ئۆپەڕاسیۆنی بۆ رووداوی نوقومبوونی یەختەكەی ئیتاڵیا پێكهێناوە
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە رایدەگەیەنێت، لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەت بەدواداچوون بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییانی رووداوی نوقومبوونی یەختەكەی ئیتاڵیا دەكەن.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە رایگەیاند: بەداخەوە لە دوو رۆژی رابردوو هەواڵی نغرۆبوونی بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی وڵاتی ئیتاڵیا بڵاوبووەوە كە لەنێو بەلەمەکەدا ژمارەیەک هاووڵاتی هەرێمی کوردستان هەبوون کە تا ئێستا ژمارەیەکیان رزگار کراون و چارەنووسی ژمارەکیشیان دیار نییە.
ئاماژە بەوەش دراوە: “وێرای دەربڕینی هاوخەمی قووڵی خۆمان بۆ ئەم رووداوە نەخوازراوە، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەنددارەکان لە حکومەتی هەرێم و هاوکات لە رێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندی داین، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکەین و بەدواداچوون بکەین تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیانی ئەنجام بدەین.
ئاشکراشی کرد: ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیانی ئەم رووداوە پەیوەندیان بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد و داوای هاوکاری و بەدواداچوونیان کرد.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە جەختیشی كردەوە كە ئەوان بە ئەرکی خۆیان دەزانن بە هانای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بچن لە هەر کوێیەکی دونیا بن.