وەزیری پەروەردە: لە هیچ کەسێک نابوورین کە یاری بە هەستی قوتابیان بکات و هانی فریودانیان بدات
ئەمڕۆ یەكشەممە 23ـی حوزەیرانی 2024، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمساڵ 122 هەزار و 52 قوتابی مافی بەشداریكردنیان لە تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی هەیە، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان، دابەش كراون بەسەر دوو هەزار و 115 هۆلێ تاقیكردنەوە.
زیاتر گوتی، بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاسایش، هاوكارێكی باشی وەزارەتی پەروەردە بوون بۆ رێگریكردن لە فرۆشتن و مامەڵەكردن بە پێداویستییەكانی گزیكردن و رێگریكردن لە فریودانی قوتابیان، پێش ئەوەی تاقیكردنەوەكان دەست پێ بكات رێكارەكانیان بۆ ئەو مەبەستە گرتووەتەبەر.
باسی لەوەش كرد، پرسیاری تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە كاتەكانی بەرەبەیان دەگاتە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان بە كاتی دیاریكراو، بۆیە تا ئاستێكی باش رێگریی لە بڵاوبوونەوەی پرسیارەكان كرا پێش دەستپێكردنی تاقیكردنەوە.
وەزیری پەروەردە زیاتر گوتی، دەیان باندی گزیكردن لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە هەڵوەشێنراونەتەوە و ئەو باندانە لە زیاتر لە 100 كەس پێكهاتوون و ئێستە گیراون، هەندێك لە ئەندامانی باندەكە سزای سێ ساڵ گرتنیان بۆ دەرچووە