حكومەتی هەرێم كێشەیەكی تریشی لەگەڵ بەغدا چارەسەر كرد
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شارۆكەی شێخان رایگەیاند، ساڵانە كێشەی وەرگرتنی گەنممان هەیە، بڕیارەكە لە بەغدا دەدرێ و بەردەوام ستەم لە جووتیارانی هەرێم دەكات كە چینێكی هەژارن، بەشێكی گەنمەكانیان وەردەگرن و پارساڵ تەنیا 24%ی گەنمیان لێ وەرگرتن، ئەمساڵیش بە گوشارێكی زۆری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم توانرا بكرێتە 27%.
روونی كردەوە، لە سنوورەكانی دهۆك و شێخان و ئەلقووش و باشیك و زێلكان و لە شارەدێكانی وانێ و بەلەد و كەلەكچی دووساڵە بڕیار دەدرێت بۆ وەرگرتنی گەنم، گۆڕەپانی سایلۆی روڤیا دەكرێتەوە كە حكوومەتی هەرێم دروستی كردووە و تەنیا بەشی وەرگرتنی 20 هەزار تۆن گەنم دەكات، بەڵام بەپێی پلانی هۆبەكانی چاندنی شێخان و ئەلقووش زیاتر لە 96 هەزار تۆن گەنم بەرهەم دەبێت، بۆیە گوشارێكی زۆرمان كرد و تیمێكیان نارد تا گۆڕەپانی روڤیا كرایەوە و كەوتە خزمەت جووتیاران و ئەمساڵ زیاتر لە 55 هەزار تۆن گەنم ئەوانەی دەكەونە سنووری مووسڵ وەرگیراوە.
قایمقامی شارۆكەی شێخان ئاماژەی كرد، بۆ ئەوەی گەنمی زیاتر وەربگرن، پلانی (b) دانراوە و لە مووسڵ گۆرەپانێكی تر لە سنووری شارۆكەی تلكێف هەیە ئەو گەنمەی هەیە لەوێ لێیان وەردەگرن، ئێمە بەردەوام چاودێرییان دەكەین بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە گەنم لە جووتیاران وەربگرن، بۆ پلانی (c) ئەو جووتیارانەی گەنم بۆ مووسڵ بۆ سایلۆكان دەگوازنە، ئێمە هاوكاریان دەبین بۆ ئەوەی لە بازگەكان كێشەیان بۆ دروست نەكرێت.
قایمقامی شارۆكەی شێخان لەکۆتایدا دەڵێت، كێشەی كەمیی سایلۆ لە مووسڵ هەیە و مەرجی ئەوانیش پێویستە گەنمی ناوچەكانی ئێمە بۆ سنووری ئەوان بگوازرێتەوە و جووتیارانیش لە بازگەكانی ئەوان بێزارن و نایانەوێ لە رێگەی ئەوانەوە گەنم بۆ مووسڵ بگوازنەوە و ئاستەنگیان بۆ دروست دەكرێت، بۆیە بەردەوام داوای هاوكاری لە حكوومەت دەكەن و سەرۆكی حكوومەت و حكوومەتیش هاوكاریی تەواویان دەكا و بەردەوامیش دەبن.