سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق دەکات
رۆژی دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆک مسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز هانس ساندی باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق کرد.
لەم دیدارەدا کە باڵیۆزی هۆڵەندا کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پەیوەندییانە دەربڕی کە لە نیوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا دا هەیە و سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە هەمیشە هاوکاربوونە بۆ بەردەوامی و پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و کشتوکاڵ و وەبەرهێناندا. هەروەها بەردەوامی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی لە رێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دووپاتکردەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی هەوڵەکانی باڵیۆزی هۆلەندای کرد لە رابردوودا و هیوای سەرکەوتنی لە کاری نوێیدا بۆ خواست، هەروەها سەرۆک بارزانی پەیوەندی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و هۆڵەندای لە هەموو بوارەکاندا بەرز نرخاند. سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە گەلی کوردستان دۆستەکانی خۆی لەبیرناکات و سوپاسی گەل و حکومەتی هۆڵەندای کرد کە لە کاتیی تەنگانەدا دەرگایان بە رووی ئاوارەکانی کوردستاندا کردەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆلی هۆلەندا لە پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتی شەڕی تیرۆرستانی داعش و چاکسازییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە کە رۆلی بەرچاویان بینیووە.
بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پارلەمانی کوردستان تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.