وەزیری دارایی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبووەوە
وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی هەژماری من کۆبووەوە و رایگەیاند: پرۆژەی هەژماری من هەنگاوێکی گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبۆوە و رایگەیاند جێبەجێکردنی پرۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی و رێگری لە سپی کردنەوەی پارە و خۆدزینەوە لە باج و چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی پێشکەش بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات.
گوتیشی:” پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پرۆژەی هەژماری من لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هەشت بانکی ئەهلی و حکوومییەوە بەردەوامە کە سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە باوەڕ پێکراون و ڕەزامەندی بەشداری پرۆژەکەیان پێدراوە.
وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاریدا چەندین کارئاسانی زیاتر بۆ تیمەکان بکرێت تا پرۆسەکە خێراتر بکرێت و پێش ئەو وادەیەی بۆی دیاری کراوە سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان، هەروەک بڕیاریشدرا مۆڵەتی تا یەکی ئەیلوولی ئەمساڵ بە فەرمانبەرانی مەدەنی و کارمەندانی لیوا هاوبەشەکان بدرێت لە پارێزگای هەولێر کە تا ئێستا خۆیان لە پرۆژەکە تۆمار نەکردووە.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من دوایین داتاو ئاماری پرۆژەکەیان خستەڕوو بە جۆرێک تا ئێستا زیاتر لە 400 هەزار فەرمانبەر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکە تۆمارکراون و نزیکەی 240 هەزار کارتی بانکیش دابەش کراوە، هاوکات ئەم مانگە زیاتر لە 50 هەزار مووچەخۆر کە لە 135 یەکەی ژمێریاری لە سەرجەم وەزارەتەکان پێکهاتبوون بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە و مانگەکانی داهاتوو رێژەکە بۆ دوو هێندە بەرز دەکرێتەوە.
هاوکات تاوەکوو ئێستا 94 ئامێری راکێشانی پارە لە 32 شوێنی جیاوازی پارێزگای هەولێر دانراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا 140 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
بەپێی دوایین ئامارەکانیش تا ئێستا لیستی نزیکەی چوار هەزار و 500 فەرمانبەر ئاڕاستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کراوە و بە چەند قۆناغێک کارتی بانکی گەڕاوەتەوە بۆ فەرمانبەران.
پرۆژەی هەژماری من پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەلایەن نوسینگەی سەرۆکوەزیران بە هەماهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری جێبەجێ دەکرێت، کە ئامانج لێی دابینکردنی چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی و دەستەبەرکردنی سیستمی شەفافیەت و کارئاسانییە بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران تا بتوانن بەشێوەیەکی سەردەمیانە مووچەکانیان وەربگرن و لە داهاتووشدا کارمەندانی کەرتی تایبەتیش سوودمەند بن لە پرۆژەکە.
پرۆژەی هەژماری من بریتییە لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران (توطين رواتب)، جگە لە دەست ڕاگەیشتنی مووچە بە ئاسانترین شێوە فەرمانبەر دەتوانێت هەرکات و لە هەر کوێ بێت مووچەکەی ڕابکێشێت و سوودمەند بێت لە خزمەتگوزاری کڕین و فرۆشتن لە ڕێی سیستمی ئۆنلاین و دەتوانێت بە ئاسانترین شێوە پارە بنێرێت و پارەش بخرێتە سەر هەژمارەکەی، ئەوە جگە لە سوودمەند بوون لە چەندین قەرز و پێشینەی بانکەکان بۆ هاوسەرگیری و خانووبەرە و چەندین بواری تر، وە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەر هەژمارەکەیەوە هەبێت و هەرکات بتەوێت دەتوانیت تەواوی مووچەکەت ڕابکێشیت.