سەرۆکی حکومەت بەنداوی چەمرگەی کردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێورەسمێکدا، (بەنداوی چەمرگە)ی لە سنووری قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردەوە.
دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی بەنداوەکە، سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا باسی لەوە کرد کە لە کابینەی نۆیەمدا، گرنگییەکی زۆر بە بابەتی پاراستنی سامانی ئاو و دروستکردنی بەنداو و پۆند دراوە و لەم ڕووەوە، چەند پڕۆژەیەکمان لە سەر تاسەری کوردستان ئەنجامداوە و بەردەوامیش دەبین کە بێگومان سوودێکی زۆر و جۆراوجۆری دەبێت .
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بەنداوانە لەلایەکەوە دەتوانن ئاو گلبدەنەوە و دەکرێ بۆ مەبەستی بەكارهێنانی كشتوكاڵی سوودێکی زۆریان لێ وەربگیرێت و هەندێكجاریش بەنداوە گەورەكان بۆ بابەتی بەهەرمهێنانی وزە و کارەباش بەکار دەهێنرێن . هەروەها لە ڕووی گەشتیاریشەوە دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە دەبەخشن و خەڵک کاتێکی خۆشی تێدا بەسەر دەبەن. لە لایەکی دیکەش بەنداوەکان دەتوانن مەترسی دروستبوونی لافاو و زیانگەیاندن بە زەوی و زار کەم بکەنەوە .
سەرۆکی حکومەت جەختیشی لەوە کردەوە کە زۆر گرنگە سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت و ئاوی ژێر زەوی زۆر بەکار نەهێنین ، چونکە بە داخەوە خەریکە ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان، بە ڕێژەیەکی مەترسیدار دەچێتە خوارەوە.
گوتیشی سامانی ئاو و سامانە سروشتییەکان تەنیا هی ئێمە نین بەڵکو هی نەوەکانی داهاتووشن ، بۆیە دەبێ پارێزگاری لێ بکەین .
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە بە پێی بەرنامەی حکومەت کارمان کردووە کە باشترین شێوە، سوود لە سامانی ئاو وەربگرین. جێی دڵخۆشیە کە بەنداوی چەمرگە تەواو بووە و لە زۆر شوێنی دیکەش ، بەنداوی دیکە هەن کە تەواو دەبن و هەندێکیشیان تەواو بوون و دروستكردنی ئەم بەنداوانە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستیانە سوود لە سامانی ئاو وەربگیرێت.
بەنداوی چەمەرگە بە گوژمەی چوار ملیار و سێسەد ملیۆن دینار لە سەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە توانا و شارەزایی ناوخۆیی و بە پێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان دروستکراوە. بەرزی بەنداوەکە 17.5م و درێژییەکەشی 262 م و پانیەکەشی 8 م crest ە.

Back to top button