لە بازگەکانی مووسڵ کێشە بۆ جووتیارانی کورد دروست دەکرێت
بەڕێوەبەری سایلۆكانی پارێزگای دهۆك رایدەگەیەنێت، ئەو جووتیارانەی گەنمەكانیان بۆ مووسڵ دەبەن و دەكەونە ئیدارەی مووسڵ و كوردن، لە بازگەكان گرفتی زۆریان بۆ دروست دەكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەمە 26ی حوزەیرانی 2024، نازم ئەترووشی بەڕێوەبەری سایلۆكانی دهۆك، بە “وشە”ـی راگەیاند، ناوچەكانی شێخان و ئەلقوش و فەیدیە و هەندێك گوندی تەلسقۆف و وانكێ و تلكێف، پێویستە گەنمەكانیان ببەن بۆ مووسڵ، بەڵام رێگرییان لێ دەكرێت گەنمەكانیان ببەن.
روونیشیکردەوە، بۆ ئەوەی ئەو جووتیارانە كێشەیان نەبێت، ئێمە گۆڕەپانی روڤیامان كردەوە و ئەو گۆڕەپانە پڕ بووە، ئێستا براون بۆ گۆرەپانی تەلكێف و لە سنووری تەلكێف لەوێش لەڕێی بازگەكان گرفتی زۆریان بۆ دروست دەكرێت، وەك ئێمە نییە كە ئاسانكاری تەواومان بۆیان دەكرد، چونكە رێكاری زۆریان بۆ دەگرنەبەر و دوایان دەخەن و واستەیان پێوستە و لە گۆڕەپانیشدا جۆرەها هێزی لێیە و زۆر گرفتیان بۆ دروست دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی لە هەرێمی كوردستان بۆ جووتیاران دەكرێت لەوێ بەو شێوە نییە، چونكە ئەوان ئامانجیان وەرگرتنی بەرتیلە لە جووتیاران و لە بازگەكانیش زۆر بەزەحمەت دەگەن بە گۆڕەپانی تەلكێف، بۆیە جووتیاران داواكارن ئەو كێشەیەیان بۆ چارەسەر بكرێت، لەبەرئەوەی زۆر بەزەحمەت گەنمەكانیان دەبەن بۆ مووسڵ، بەهۆی رێكار و رێگری زۆر لە گەیاندنی گەنم بۆ سنووری ئیدارەی مووسڵ.