ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی كارەبای درێژ کردەوە
ئەمڕۆ چوارشەم 26ی حوزەیرانی 2024، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە راپۆرتێك لەبارەی رەوشی ئێستەی خزمەتگوزاریی كارەبا لە وەرزی هاوین پێشكەش كرا و پێشنیارێكی وەزیری كارەباش تایبەت بە داشكاندنی %20ی پارەی كەڵەكەبووی كارەبای هاووڵاتییان پەسەند كرا و بڕیار درا تا 31ى تەمووزى 2024 رێژەی داشكان بەردەوام بێت.
بەپێی بەشێك لە راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ڕاپۆرتێک لەبارەی ڕەوشی ئێستای خزمەتگوزاریی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاوین و هەوڵەکانی وەزارەت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارەیی کارەبا لەم وەرزەدا، لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا خرایەڕوو تێدا ئاماژەی بە پلان و بەرنامەکانی وەزارەتەکەی کرد بۆ زیاترکردنی بڕی کارەبای بەرهەمهێنراو لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، ئەمەش لە ئەنجامی چاکسازیکردن لە سێکتەری کارەبا بووە.
لە راگەیاندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیری کارەبا باسی لە هۆکار و ئەگەرەکانی کەمیی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا لە وەرزی هاویندا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە خواستی کارەبا لەم مانگەدا چوار هەزار و 800 مێگاواتە بەڵام بەرهەمهێانی کارەبا سێ هەزار و 989 مێگاوات بووە کە دابەشکراوە بەسەر شارەکاندا و بە تێکڕا نزیکەی 13 سەعات کارەبای نیشتیمانی دابینکراوە لەم مانگەدا، لە هەمان کاتدا وەزیری کارەبا هۆکارەکانی کەمیی کارەبای خستەڕوو کە بریتین لە کەمی غازی سروشتیی پێویست بۆ بەگەڕخستنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و گەشەی ساڵانەی هاوبەشانی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا.
“ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبای ئاراستەی وەزارەت و لایەنە پێوەندارەكان کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست”.
هەروەها لە راگەیەنراوەكە ئاماژەیشی كردووە كە لە تەوەرێکی تردا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێکی وەزیری کارەبای پەسەند کرد لەبارەى بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %20ی پارەی کەڵەکەبووی کارەبای هاووڵاتییان و بڕیاردرا تا 31ى تەمووزى 2024 ڕێژەی داشکاندنی سەرەوە بەردەوام بێت.