وەزیری ناوخۆ: زۆرینەی كێشەكانی هەولێر و بەغدا بەرەو چارەسەربوون دەچن
وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت، بەهۆی سەردانەكانی مەسروور بارزانی بۆ بەغدا، زۆرینەی كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق بەرەو چارەسەر دەڕۆن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی حوزەیرانی 2024، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، لەبارەی كێشەكانی هەولێر و بەغدا، گوتی: لە دوو سەردانی رابردووی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بۆ بەغدا، زۆرینەی كێشەكان بەرەو چارەسەربوون دەچن.
لەبارەی دەستووریش ئاماژەی بەوە كردووە، بە جێبەجێكردنی دەستوور هەموو كێشەكان چارەسەر دەكرێن، جێبەجێكردنی دەستوور، واتا پاراستن و سەروەرەیی عێراق.
وەزیری ناوخۆ لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، روونی كردووەتەوە، ماوەی دوو ساڵ، بەیبانووی جۆراوجۆر دواخرا، بەڵام ئێستا پێشوازی لە مەرسوومی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ دەستنیشانكردنی 20 ئۆكتۆبەر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.
لەبارەی كەمپەكانیش ئەوەی خستە ڕوو، كە لە 30 تەمووز، داناخرێن و ئەوان لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانی ئاوارەكاندان، نەك بڕیاری زۆرملێ.