لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی گوژمەی نزیکەی 560 ملیۆن دینار بەشێوەی راستەوخۆ بۆ شاری هەڵەبجە خەرج كرا

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوژمەی (557،480،000)دینار بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەكەدا خەرج دەكرێت و گوژمەكە لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕادەستی سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە كرا.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان و پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەلام بیلال ئەسكەندەر، سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە كۆبووە و باسیان لە جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شاری هەڵەبجە كرد، ئەو پرۆژانە لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دێت كە لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ شاری هەڵەبجە بڕیاریدا ژمارەیەك پرۆژە لە هەڵەبجە جێبەجێ بكرێن.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجەی راگەیاند ئەو گوژمەیە لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆكوەزیران لەلایەن نووسینگەی جەنابی سەرۆكوەزیرانەوە تەرخان كرا بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و گوژمەكەش بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕادەستی سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە كرا.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجەی راسپارد بۆ ئەوەی بەزووترین كات دەست بكەن بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە و هەروەها جەختی لەسەر جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی دیكەش لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی سەرۆكوەزیران بۆ شاری هەڵەبجە كردەوە.

Back to top button