لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، زیاتر له‌ 557 ملیۆن دینار بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە خه‌رج كرا

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گوژمەی 557 ملیۆن و 480 هەزار دینار بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەكەدا خەرج دەكرێت، هەر ئەمڕۆش گوژمەكە لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ رادەستی سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە كرا.

رۆژی پێنجشەممە 27ی حوزەیرانی 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان و پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ سەلام بیلال ئەسكەندەر، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە كۆبووەوە و باسیان لە جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شاری هەڵەبجە كرد، ئەو پرۆژانە لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی دێت، كە لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ شاری هەڵەبجە بڕیاری دا ژمارەیەك پرۆژە لە هەڵەبجە جێبەجێ بكرێن.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجەی راگەیاند ئەو گوژمەیە لەسەر فەرمانی جەنابی مەسرور بارزانی، لەلایەن نووسینگەی سەرۆكوەزیرانەوە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە تەرخان کرا، بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و گوژمەكەش بەشێوەی راستەوخۆ رادەستی سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە كرا.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجەی راسپارد، بۆ ئەوەی بە زووترین كات دەست بكەن بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە و هەروەها جەختی لەسەر جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی دیكەش لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی سەرۆكوەزیران بۆ شاری هەڵەبجە كردەوە.

 

Back to top button