روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ گرێبه‌ست بڵاو كرایه‌وه‌

وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ و گه‌شتوگوزاری‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، روونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ له‌باره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ گرێبه‌ستی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ بڵاو كرده‌وه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممە یه‌كی‌ ته‌مووز بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ هاتووه‌، بۆ ڕای گشتی و به‌ تایبه‌تی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌ داوده‌زگه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕای ده‌گه‌یه‌نین، كه‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار پابه‌نده‌ به‌ ڕێكار و یاسا و ڕێنوێنییه‌كانی‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نی پێوەندیدار بۆ به‌هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست و ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی یاسا و ڕێكاره‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌ت بووبێت كاری پێویستیان له‌سه‌ر كراوه‌ و له‌ داهاتووشدا له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندین به‌و بابه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ك ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، كه‌ زۆرترین ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزارن كه‌ ژماره‌یان له‌ 14 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر زیاتره‌ و ویستراوه‌ كه‌ باشترین ورده‌كاری تێدا بكرێت و مافی هیچ فه‌رمانبه‌رێكی گرێبه‌ست پێشێل نه‌كرێت، چونكه‌ ئاڵۆزییه‌ك له‌ دانانی گرێبه‌سته‌كان هه‌بووه‌ و به‌شێكی فه‌رمانبه‌ره‌ گرێبه‌سته‌كان به‌ ناونیشانێك گرێبه‌ستیان بۆ كراوه‌ كه‌ گونجاو نییه‌ له‌ ئاست ئه‌و بڕوانامه‌یه‌ی هه‌یانه‌، ڕای ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت به‌و ناونیشانه‌ هه‌میشه‌یی بكرێن كه‌ هاوشانی بڕوانامه‌كانیانه‌، نه‌وه‌ك به‌ ناونیشانێك كه‌ له‌گه‌ڵ خوێندن و لێهاتوویی و لێوه‌شاوه‌یی و بڕوانامه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ دڵسۆزانه‌ یه‌كناگرێته‌وه‌

Back to top button