مه‌سرور بارزانی: به‌هۆی خۆسه‌پێنیی گرووپه‌ چه‌كـ*ـداره‌ نایاساییه‌كان،‌ خوشك وبرا ئێزدیه‌كانمان نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانیان

كاتژمێر 11:00ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2/7/2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕسمی ڕاگەیاندنی بەرنامەی پاڵپشتیی دارایی بۆ ڕزگاربوانی دەستی تیرۆریستانی داعش دەستی پێكرد، لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆكی حكوومەت وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: “ئەمڕۆ شەرەفمەندین كە ڕێز لە قوربانیانی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش دەگرین، ئەگەرچی ئەمساڵ یادی 10 ساڵەی ڕوودانی كۆمەڵكوژیی شنگال و دەوروبەری دەكەینەوە، بەڵام بەداخەوە ئێش و ئازار و مەینەتییەكانی خوشك و برایانی ئێزدیمان لە دەڤەری شنگال، دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەش، هێشتا كۆتایی نەهاتووە.”

دەقی وتارەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
ئامادەبوانی بەڕێز
خوشكانی رزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش
رۆژتان باش و زۆر زۆر بەخێر بێن
ئەمڕۆ شەرەفمەندین كە ڕێز لە قوربانیانی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش دەگرین. ئەگەرچی ئەمساڵ یادی 10 ساڵەی ڕوودانی كۆمەڵكوژیی شنگال و دەوروبەری دەكەینەوە، بەڵام بەداخەوە ئێش و ئازار و مەینەتییەكانی خوشك و برایانی ئێزدیمان لە دەڤەری شنگال، دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەش، هێشتا كۆتایی نەهاتووە.

ئەمڕۆ لێرە بە ڕێز و شكۆ و پێزانینێكی زۆرەوە یادی هەموو قوربانیانی ئەو كۆمەڵكوژییەی دەستی تیرۆریستانی داعش لە خوشك و برایانی ئێزدی دەكەینەوە. هەروەها بە پێزانینێكی زۆرەوە یادی خۆڕاگری و قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش دەكەینەوە كە بە ڕێبەرایەتیی جەنابی سەرۆك بارزانی، تیرۆریستانی داعشیان تێكشكاند و شنگالیان رزگار كرد.

دوای 10 ساڵ لەم كارەسات و كۆمەڵكوژییە، هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبۆتەوە و بەهۆی خۆسەپێنیی میلیشیا و گرووپە چەكدارە نایاساییەكانەوە، خوشك و برا ئێزدییەكانمان لە كەمپەكاندا ماونەتەوە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانیان و بەم هۆیەشەوە تا ئێستا، ناوچەكانیان ئاوەدان نەكراونەتەوە.

لەم بۆنەیەدا پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە رەواكانی خوشك و برا ئێزدییەكانمان دووپات دەكەینەوە و پێویستە كۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێندرێت و رێككەوتننامەی شنگال وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و دۆخی ئەو ناوچەیە ئاسایی بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بە هاوكاریی حكوومەتی فیدڕاڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بتوانین دەڤەرەكە ئاوەدان بكەینەوە و دەسەڵاتی ناوچەكەش بگەڕێتەوە دەستی خەڵكی رەسەنی شنگال.

ئامادەبوانی بەڕێز
حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی ناوە بۆ سووككردنی ئازارەكانی كەسوكاری قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ڕۆڵێكی گرنگ و بەرچاوی بینیوە لە ئازادكردنی ژمارەیەكی زۆری رفێندراوانی ئێزدی و پێكهاتەكانی تر لە دەستی تیرۆریستانی داعش و لە هەوڵەكانیشی بەردەوام دەبێت بۆ زانینی چارەنووسی هەموو ئەوانەی تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە. هەروەها حكوومەتی هەرێم كاریشی كردووە بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعش وەك تاوانەكانی جەنگ. بۆ ئەم مەبەستە، بە پشتیوانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش، داوامان كرد، دادگایەكی تایبەتمەند دابمەزرێت بۆ دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەكانیان. بەڵام بەداخەوە ئەم هەوڵانە تا ئێستاش لە ئاستی فیدڕاڵیدا وەكوو پێویست پێشوازیی لێ نەكراوە.

دەستخۆشی لە هەموو ئەو وڵاتانە دەكەین كە تاوانەكانی تیرۆریستانی داعشیان لە دژی كوردی ئێزدی بە فەرمی بە جینۆساید ناساندووە. هیوادارین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار و یارمەتیدەرمان بێت لە كەمكردنەوەی ئێش و ئازارەكانی خوشك و برا ئێزدییەكانمان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانیان بە سەربەرزی و ئازادی.

بەڕێزان
قوربانیانی ڕزگاربووی دەستی داعش، وێڕای ئەو هەموو ئێش و ئازار و نەهامەتییەی ڕووبەڕوویان بووەوە، بەڵام جێی خۆشحاڵی و شانازییە كە ئەوان خۆڕاگرانە بەردەوامن لە هەوڵ و كاركردن و كۆڵنەدان لەپێناو درێژەدان بە ژیان و زۆریشیان بوونەتە نموونە و سیمبولی لێهاتوویی و چیرۆكێكی ئیلهامبەخش لە خۆڕاگری و سەركەوتن.

خۆشحاڵ بووم كە مانگی رابردوو لە ئاهەنگی دەرچوانی قوتابیانی زانكۆی ئەمریكی كوردستان لە دهۆك، خەڵاتی شەرەفی خۆڕاگریم بە یەكێك لە ڕزگاربوانی دەستی داعش دا كە ئەویش خاتوو شیرین خەیرۆ خودێدا بوو كە لە زانكۆی ئەمریكی زۆر بە سەركەوتوویی خوێندنەكەی تەواو كرد و بڕوانامەی وەرگرت. بەسەرهاتی ئەو خانمە چیرۆكێكی كەموێنەیە كە سەرەڕای ڕفاندن و دەستبەسەری بۆ چەند ساڵێك لە لایەن داعشەوە، بەڵام سووربوو لەسەر بەردەوامبوونی لە خوێندن و بوو بە هێما و نیشانەی خۆڕاگریی خوشك و برا ئێزدییەكان.

خوشك و برایانی ئێزدی، بەشێكی گرنگ و دانەبڕاوی گەلی كوردستانن و مەراسیمە ئایینییەكانیشیان بە زمانی پاراوی كوردییە. سەرەڕای هەموو پیلان و هەوڵی ناحەزان بۆ دابڕاندنیان لە خەڵكی كوردستان، بەڵام ئەوان هەر لە دێرزەمانەوە پێكهاتەیەكی رەسەنی گەلی كوردستانن و بەشێكی گرنگن لەو پێكەوەژیانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە.

ئەم ڕێزلێنانەی ئەمڕۆ، بەخشینێكی مانگانەیە بۆ زیاتر لە سێ هەزار خوشكی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش. بێگومان بە باشتربوونی دۆخی دارایی، ئاستی هاوكارییەكانمان بۆ ئەو خۆشەویستانە فراوانتر دەبێت. ئێمە هەموو هاوكارییەك بۆ ئەو ئازیزانە پێشكەش دەكەین تا ژیانێكی شایستەیان هەبێت و بەشێكی بچووك لە برینەكانیان ساڕێژ بكرێتەوە. بە تایبەتی لە دۆزینەوەی دەرفەتی كار و درێژەدان بە خوێندن و چارەسەریی پزیشكییان بەپێی توانا هەموو ئاسانكارییان بۆ دەكەین.

بەڕێزان
من دەمەوێ لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسێكی بێپایانی جەنابی سەرۆك بارزانی، پێشمەرگەی قارەمان بكەم. پاش ئەو ڕۆژەی كە شنگال كەوتە دەست داعش، جەنابی سەرۆك پەیمانی دا كە هەتا شنگال رزگار نەبێت، من واز ناهێنم. ئەو خۆی بڕیاری دا سەركردایەتیی بەرەی ڕزگاركردنی شنگال بكات. ئێمە لە خزمەت ئەودا بووین. ئەو ڕۆژە جەنابی سەرۆك پەیمانی دا كە هەتا ئەو ڕۆژەی ئێمە لەسەر چیای شنگال لە خزمەت ئێوەدا بووین، چیای شنگال ڕزگار كرا، 100 ڕۆژی پێچوو. زۆر خەڵك هەوڵیان دا كە ئەم چیرۆكە بە ئاستێكی نادروست بگێڕدرێتەوە، تەنیا بزانن ئێزدی و خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدی هەموو كاتێك لە دڵی جەنابی سەرۆكدا بوون و جەنابی سەرۆك لە هەموو كەسێك زیاتر خەمخۆری خەم و ئازاری ئێزدییاندا بووە و ئەو خۆی و هەموو كەسوكار و پێشمەرگەكانی خۆیشی، ئەوەی پێی دەكرا، كردی تاوەكوو سەربڵندی و كەرامەتی ئێزدییان بگەڕێنێتەوە و تیرۆریستانی داعش بشكێنێت. جێی خۆیەتی سوپاسێكی گەرمی پێشمەرگە قارەمانەكان بكەین كە چەندین پێشمەرگە گیانی خۆیان كردە قوربانی تاوەكوو شنگالی بندەست رزگار بكرێت.

ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی خۆڕاگریی گەلی ئێمەی ئێزدی بكەین، سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتییانە، سەرەڕای ئەو هەموو تەعەدایەی كە بەرامبەر بە ئێوە كراوە، خۆڕاگربوون، نە ناسنامەی خۆتان دۆڕاند، نە هێڤی و ئومێدی خۆتان دۆڕاند.

ئیشاڵا خوا ئێوە هەر سەرفراز بكات و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت، خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدیش لە ژیانێكی سەربەرز و ئازاد بژین.

Back to top button