سەرۆک بارزانی لەبارەی پێنج خاڵ لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کۆدەبێتەوە
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، لەسەر کۆمەڵێک پرس لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانێتییەکە گفتوگۆ دەکات و یەکێک لەوانەش جێبەجێنەکردنی بەشێک لە خاڵەکانی رێككەوتنی لایەنەكانە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی ئێستای عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی لە چوارچێوەی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت، کە زۆرینەی شیعە و سوننەکان لەخۆدەگرێت، لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە دەبێت حکومەتی عێراق جێبەجێیان بکات.
لەم سەردانەیدا سەرۆک بارزانی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە دەکات، کە پەیوەندییان بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
لە ماوەی رابردوودا پارتی لە چەند راگەیێنراوێکدا نیگەرانی خۆی لەبارەی جێبەجێنەکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەربڕیوە و جەخت لەم خاڵانە دەکاتەوە:
* گەرەنتیکردنی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
* دڵنیاییدان لە زێدەڕۆیی نەکردن بۆ سەر دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان.
* هەموارکردنەوەی بودجە و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز.
* پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای فیدراڵی.
* گەرەنتیکردنی ناردنی شایستە داراییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.