لە هەولێر نەشتەرگەرییەكی گەورە و دەگمەن بەسەرکەوتوویی بۆ منداڵێك ئەنجامدرا

لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند :” لە نەخۆشخانەیەكی شاری هەولێر نەشتەرگەرییەكی دەگمەن و گەورە بۆ منداڵێك ئەنجامدراوە.

لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە:” پێش چوار ساڵ منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ بە هەڵە ماددەیەکی خاوێنکردنەوەی سوتێنەر بە هەڵە دەخواتەوە و دەبێتە هۆی سوتان و تەسکبوونەوەی دەم و سورێنچک (ڕێرەوی خواردن)ی و بۆ ماوەیەکی زۆر توانای خواردنی نەمابوو جگە لە ئاو و شلەمەنی.

لەماوەی رابردووشدا چەندین جار بە ڕێگای پێبین (ناظور) هەوڵی فراوانکردنی سورێنچکی بۆ منداڵە نەخۆشەكە درابوو، بەڵام سەرجەم هەوڵەكان بێ سوود بوون.

وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاندووە: لە کۆتاییدا سوپاس بۆ خودا لە نەخۆشخانەی ڕاپەرینی فێرکاری بۆ منداڵان لە شاری هەولێر نەشتەرگەرییەکی گەورە و دەگمەن بۆ منداڵەكە ئەنجامدرا ئەویش پێکهاتبوو لە بەرزکردنەوەی گەدە و دانانەوەی ڕێرەوی خواردن Gastric pull up ( Esophageal Replacement Surgery).

دوای ماوەیەك مانەوەی لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی ڕاپەرین، منداڵەكە بە تەندروستییەکی باش و جێگیر و دوای دەستپێکردنەوە بە خواردنی ئاسایی ڕەوانەی ماڵەوە کرا.

وەزارەتی تەندروستی دەستخۆشی لە گشت پزیشك و کارمەندانی نەخۆشخانەی ڕاپەرینی فێرکاری بۆ منداڵان كرد کە بەشداربوون و ماندووبوون بۆ سەرکەوتنی ئەم نەشتەرگەرییە گەورە و دەگمەنە.

Back to top button