سیاسەتمەدارێکی رۆژئاوای کوردستان: دوژمنانی كوردستان فەرمانیان بە پە*كە*كە كردووە تا بازاڕەكانی كوردستان بسووتێنێ
سیاسییەكی كوردی رۆژئاوای كوردستان رایدەگەیەنێ، رژێمە دژبەرەكانی گەلی كورد فەرمانیان بە پەكەكە كردووە، بازاڕ و شوێنی كاسبكارانی كورد لە هەرێمی كوردستان بسووتێنێ، بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت.
عەبدولڕەحمان ئاپۆ، سیاسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، سەبارەت بە ئاشكرابوونی باندێكی تیرۆریستی پەكەكە و چەند ئەندامێكی یەكێتی لە تاوانەكانی ئاگربەردان لە بازاڕ و شوێنی كەسابەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند گوتی: ”رێكخراوی پەكەكە، لەلایەن هەواڵگری وڵاتانی داگیركاری كوردستان بۆ لێدان لە كێشەی كورد و بزووتنەوە رزگاریخوازەكەی دروست كراوە، لەپێش هەموویانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەناو هەناوی ئازار و مەینەتی گەلەكەی هەڵقوڵاوە.“
روونیشیکردەوە: ”ئەوەی پەكەكە دەیكات، بەجێهێنانی ئەجێندا و مەرامی داگیركاران و دوژمنانی كوردستانە و هەموو هەوڵیان ئەوەیە لە رێی ئەو رێكخراوە دۆخی كوردستان ناسەقامگیر بكەن.“
عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئاماژەی بەوەشدا: ”لەم دواییانەدا، هەواڵگری وڵاتانی داگیركار لە رێی پەكەكەوە ویستیان گورز لە ئیرادەی گەلی كوردستان و ئەمن و ئاساییشەكەی بدەن، هەروەها دەستیان برد بۆ شادەماری ئابووریی خەڵك لە رێی سووتاندنی بازاڕ و شوێنی كەسابەتیان لە شارەكانی كوردستان، بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت، بەمەش زیانی زۆر گەورەیان لە خەڵكی كوردستان دا، بەڵام هۆشیاریی دەزگا ئەمنییەكان و ئاسایشی كوردستان، وای كرد ئەو گرووپە تاوانكارە بناسنەوە و دەستگیریان بكەن.“