مەسرور بارزانی بۆ مەسعود پزیشکیان: دەخوازین باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران هەبێت

ئەمڕۆ شەممە، 06-07-2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، نامەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسعود پزیشکیان ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد .

لە نامەیەکی پیرۆزباییدا سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، کە هەرێمی کوردستان و ئێران، پەیوەندییەکی لە مێژینەیان هەیە کە دەتوانرێت ئەم پەیوەندییە بکرێتە زەمینەیەکی لەبار لە پێناو لێکتێگەیشتنی زیاتر و نەهێشتنی هەر کۆسپ و کێشەیەک و جێگیرکردنی پەیوەندییەک کە لە ئاست چاوەڕوانی هەردوو لامان بێت.

دەقی نامەکە:

بەرێز دکتۆر مەسعود پزیشکییان
سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران

بە ناوی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم بە بۆنەی وەرگرتنی متمانەی گەلانی ئێران و هەڵبژاردنتان وەک نۆیەمین سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران.

هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و ئاواتەخوازین کە پلان و بەرنامەکانی کابینەکەتان، گەشەسەندن و پێشکەوتنی زیاتری بۆ گەلانی ئێران لێ بکەوێتەوە و هەروەها پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و فەرهەنگییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق و تێکڕای ناوچەکە، بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.

ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکار دەبین و دەخوازین لەسەر بنەمای رێز و دۆستایەتی دوولایەنە، باشترین پەیوەندیمان لە گەل کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت و پێکەوە کار بکەین بۆ ئاشتی و سەقامگیری و پیشکەوتنی زیاتر لە ناوچەکەماندا و بە تایبەت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان بدەین بۆ باشترکردنی ئاستی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان.

هەرێمی کوردستان و ئێران، پەیوەندییەکی لە مێژینەیان هەیە کە دەتوانرێت ئەم پەیوەندییە بکرێتە زەمینەیەکی لەبار لە پێناو لێکتێگەیشتنی زیاتر و نەهێشتنی هەر کۆسپ و کێشەیەک و جێگیرکردنی پەیوەندییەک کە لە ئاست چاوەڕوانیی هەردوولامان بێت.

هەر سەرکەوتوو بن و خوای گەورە یار و یاوەر و پاڵپشتتان بێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

Back to top button