دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بەهای نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار هاوکاریی دابەش دەکات
بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵی 2024، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ئەنجامدانی پێنج پڕۆژە (پڕۆژەی قوربانی، هاوکاریی نەختینەیی، کڕینی جلوبەرگی جەژن، دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک)، بە هاوبەشی لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی و بەخشەرانی کوردستان، هاوكارییەكانی پێشكەش بە (11 هەزار 574) خێزان و (15 هەزار و 803) ئازیز كردووە، كە تێچووی پڕۆژەكانی (چوار ملیۆن و 931 هەزار و 010 دۆلار) بووە.
بەپێی راپۆرتێكی دەزگاكە كە كۆپییەكی بۆ (باسنیوز) ناردووە، لەو بەخشینەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكارییەكانی بەبێ جیاوازی گەیاندووە بە شارەكانی (عەفرین، ئەنبار، تكریت، بەغدا، نەینەوا، كەركووك، هەولێر، دهۆك، هەڵەبجە، شنگال و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان).
بەو هۆیەشەوە لە پڕۆژەی قوربانی، نۆ هەزار و 509 خێزان، لە پڕۆژەی كڕینی جلوبەرگی جەژن 588 سوودمەند و لە پڕۆژەی هاوكاریی نەختینەیی 500 خێزان و لە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراك هەزار و 565 خێزان سوودمەندی ئەو بەخشینەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون.
بەخشەرانی پڕۆژەكەش، كە پێكهاتوون لە كەسانی سەرمایەدار و كۆمپانیا و بانكەكان، بە بڕی 220 ملیۆن و 487 هەزار دیناری عێراقی هاوكاریی دەزگاكەیان كردووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەزگایەکی ناحكوومی و ناسیاسی و قازانج نەویستە، لە ساڵی 2005 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دامەزراوە و مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگاکەیە و ساڵانێكە لەسەر ئاستی جیهان، وەك دەزگایەكی ناسراو ناودار و جێمتمانەی مرۆڤدۆست و خێرخوازی، مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
دەزگاكە لەژێر وتەیەكی مستەفا بارزانی، کە دەفەرمووێت (شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت) دەستی بە کارکردن کردووە و مۆڵەتی کارکردنی لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقەوە پێ دراوە.
هەروەها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2016 مۆڵەتی کارکردنی پێ دراوە و لە کۆبوونەوەی مانگی نیسانی ئەو ساڵەدا ئەنجوومەنی کارگێڕی و هەماهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەکوو ئەندامی ڕاوێژکاری لە ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆی قبووڵ کردووە.
ئێستا دەزگاكە بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و کۆمسیارانی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان، ئیدارەی (30) کەمپ دەکات.