بە گوژمەی 2 ملیار و 422 ملیۆن دینار پرۆژەی شەقامێكی 30 مەتری و ئاوەڕۆیەك لە دارەتوو دەست پێدەكات
ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەممووزی 2024، لەژێر چاودێریی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و قائیمقامی بنەسڵاوە و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی حکومی و حیزبی، بە گوژمەی 2 ملیار و 422 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پرۆژەی دروستکردنی شەقامێکی 30مەتری و ئاوەڕۆیەكی لوولەیی لە گەڕەکی ژینی دارەتووی پارێزگای هەولێر دەستیپێکرد.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە ناوەڕۆكی پرۆژەكە و گرنگییەكەی لە سنوورەكە، بۆ میدیاكان قسەی كرد و ڕایگەیاند: خۆشحاڵین ئەمڕۆكە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر لە دارەتووین بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی دروستكردنی شەقامێكی 30مەتری و ئاوەڕۆیەكی لوولەیی كە گەڕەكی ژین بە گوندی باغەمرەئەفەندی بە درێژایی سێ كیلۆمەتر دەبەستێتەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گوژمەی پرۆژەكە، گوتی: گوژمەی ئەو پرۆژانە 2 ملیار و 422 ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت. گوتیشی: ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی گرنگە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی دارەتوو و گەڕەكی ژین و گوندی باغەمرە ئەفەندی. دەشڵێت: ئەو پرۆژەیە گرفتی كۆبوونەوەی ئاو لە سنوورەكە چارەسەر دەكات و هاتوچۆی هاووڵاتییانیش زیاتر و باشتر دەكات.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، دەشڵێت: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕێنوێنییە بەردەوامەكانی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار كاك مەسرور بارزانی بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لە هەر شار و شارۆچكەیەكی كوردستان كە پێویستیان بە خزمەتگوزاری دەبێت.
پاشان ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر باسی لە گرنگی پرۆژەكە بۆ سنوورەكە كرد و هەروەها سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشی كرد كە هاوكاریانن لە جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارەوانییەكانی پارێزگای هەولێر.
پرۆژەكە بریتییە لە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن و دروستکردنی شەقامێكی 30مەتری بە درێژایی 3كم لەگەڵ ئاوەڕۆیەكی لوولەیی کە گەڕەکی ژین بە گوندی باغەمرە ئەفەندی دەبەستێتەوە و گوژمەكەیشی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە دابین كراوە.