مەسرور بارزانی: من لەگەڵ ئەوە نیم كە پێكهێنانی خێزان بە بابەتی ماددییەوە ببەسترێتەوە

سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانەی بەشی دووەمی دیداری خەڵك لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا لە وەڵامی پرسیاری ئامادەبوویێك سەبارەت بە بابەتی هاوسەرگیری و ئاستەنگەكانی بەردەمی پرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند “پێكهێنانی خێزان گرنگە، بۆ تەندروستیی كۆمەڵگە، بۆ پەیوەندیی نێوان خەڵك، چ لە رووی ئایینەوە، چ لە رووی كلتوورەوە، چ لە رووی عورف و تەقالیدی كوردەوارییەوە، خێزان لە كوردستان شتێكی زۆر گرنگ و گەورە بووە، بەڵام من لەگەڵ یەك شت نیم، نرخی ماددی بەسەر هاوسەرگیری بسەپێندرێت و بگوترێت كە خێزان لەبەر هۆكاری دارایی پێك نایەت.”

مەسرور بارزانی گوتیشی: “بێگومان ئەمە دوو شتە، یەكێكیان دەبینی هەندێكجار بۆ ئەوەی خێزانێك پێك بێت ماڵی كچەكە داوای نەختینەیەكی زۆر دەكات یان داوای پارەیەكی زۆر دەكات كە لەوانەیە كوڕ یان زاوا توانای ئەوەی نەبێت. زۆر جێی داخە كە هۆكاری ماددی ببێتە هۆكاری كوشتنی خۆشەویستیی نێوان دوو كەس، یانی سەپاندنی نرخ یان پێوەری ماددی بۆ پێكهێنانی خێزان من لەگەڵ ئەوە نیم، حكوومەت دەتوانێ یارمەتیی ئەو كەسە بدات كە بیەوێ یارمەتیی خۆی بدات، بەڵام من لەگەڵ ئەوە نیم كە پێكهێنانی خێزان ببەسترێتەوە بە بابەتی ماددییەوە.”

سەرۆکی حکومەت، راشیگه‌یاند: “تێدەگەم كە خەڵك مەعاناتی هەیە و لەوانەیە بژێویی ژیانی خەڵك پێویستیی بەوە بێت زیاتر ببووژێتەوە تاوەكوو بتوانن بیر لە پێكهێنانی خێزان بكەنەوە، ئەمەش حكومەت هەندێك هەنگاوی تریشی گرتووه‌تە بەر و بیری لێكردووه‌تەوە، بە تایبەتی كە ئێمە بە تەمای بەدیجیتاڵكردنی سیستەمی ئابووری و دارایی هەرێمین تا خەڵك بتوانن بۆ خۆیان قەرزی درێژخایەن وەربگرن، نەك تەنیا لە حكوومەت، بەڵكوو لە كەرتی تایبەت لە بانكەكان كە دوایی بە تێپه‌رشبوونی كات بە حوكمی ئەوەی كە ئیش و كارەكانی خۆیان پەرە پێبدەن، بتوانن قەرزەكانی خۆشیان بدەنەوە. ئەوەی لەسەر حكوومەتە ئەو ئاسانكارییە بكات، ئەوەی لە توانای حكوومەتدا بێت، بێگومان درێخی ناكات.”

Back to top button