حکومەتی هەرێمی کوردستان: سزا و غەرامەی سەر پێشینەی خانووبەرە و نیشتەجێبوون هەڵدەگیرێ و لێخۆشبوونیش بۆ بەشێكی قەرزەكە دەكات

جەمیل ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گشتیی بانكە پسپۆڕییەكان بەوەكالەت لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “هەفتەی رابردوو لەگەڵ وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان کۆ بووینەوە و بڕیارە راپۆرتێک لەبارەی پێشنیازەکانمان بۆ لێخۆشبوون لە بەشێکی پێشینەکانی نیشتەجێکردن و خانووبەرە ئامادە بکەین، لەم ماوەیەدا بڕیاری دڵخۆشكەر لەسەر ئەم پرسە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەردەكرێت.

ئاماژەی بەوەش دا: بەدڵنیایی لەنێو پێشنیازەكانمان لێخۆشبوون لە بەشێكی قەرزەكان دەبێت بۆ پێشینەی خانووبەرە و نیشتەجێبوون، پێشنیازی ئەوەمان کردووە لێخۆشبوون بە رێژەی 15% بکرێت و بۆ ماوەی دوو ساڵ بێت، تاوەکوو هاووڵاتییان بتوانن بەگوێرەی توانای داراییان پارەكە بدەنەوە، هەروەها چەند ئاسانكارییەكیش پێشنیاز كراوە.”

بۆ پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌ لەده‌ره‌وه‌ی شار 25 ملیۆن دراوە و بۆ ناو شاریش 20 ملیۆن دینار بووە، هەروەها لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە 10 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە دروست كراون‌ و لەلایەن حكوومەتیشەوە 30% بۆ 50%ی نرخی ئەو یەكانە وەكوو قەرز دراوە بە هاووڵاتییان، كە پێی دەگوترێت قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون، كە لەنێوان 18 بۆ 30 ملیۆن دینار بە هەر هاووڵاتییەك دراوە.

بەپێی رێنوێنییەكانی دارایی، ئەوانەی قیستەكانی پێشیسنەی خانووبەرەیان لە وادەی خۆی نەگڕاندووەتەوە، سزای دواكه‌وتنمان بۆ داندراوە، كه‌ به‌گشتی 10%یە و هەیە چەندین ملیۆن دیناری ئەو سزایەی كەوتووەتە سەر.

بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی هەواڵێكی خۆش دەداتە ئەو كەسانە و دەڵێت: بەدڵنیایی لێخۆشبوون بۆ سزا و غەرامەی دواكەوتنی پێشینەی خانووبەرە و نیشتەجێبوون دەكرێت و هەر زیادەیەك چووبێتە سەر قەرزەكان لا دەدرێت و نامێنێت.”

Back to top button