سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەشێک لە ڕێکخستنە حزبیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوویەوە

رۆژی پێنجشەممە 11ی تەممووزی 2024 لە شاری هەولێر سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ بەشێک لە ئاستە جیاجیاکانی ڕێکخستنی سنووری لق و ناوچەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوویەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و سوپاسی خەبات و ماندووبوونی ئەندام و کەوادیری پارتی کرد کە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا بە خۆڕاگریی خۆیان بوونەتە مایەی ئومێد بۆ گەلی کوردستان. سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی پارتی ئەوەی دووپاتکردەوە کە پارتی بۆ زیندووهێشتنەوەی ئومێد و بڕوابەخۆبوونی گەلی کوردستان دروست بووە و ئامرازە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان و هەر کات پارتی بەهێز بووبێت کوردستانیش بەهێز بووە.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر سەردانی حەفتەی ڕابردوو بۆ بەغدا و هۆکارەکانی ئەو سەردانەی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، بۆ ئامادەبووان شیکردەوە.

هەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە باری ڕێکخستنە ناوخۆییەکانی پارتی سەرۆک بارزانی بەرچاوڕوونی و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.

Back to top button